گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیارى زیاتر

نوێنەرى هەرێم لەئۆپراسیۆنەکانى عێراق باسى لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەى هەولێر دەکات

2021.02.19 - 23:29
App store icon Play store icon Play store icon
نوێنەرى هەرێم لەئۆپراسیۆنەکانى عێراق باسى لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکەى هەولێر دەکات

ناس کورد-

 

نوێنەری حکومەتی هه‌رێمی کوردستان له‌ ژووری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی عێراق ڕایگەیاند، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشە موشەکیەکەی هەولێر بەردەوامە و بەدڵنیاییەوە تاوانباران دەدۆزرێنەوە و دەدرێنە دادگا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت، لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (19ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونەکانی بۆ هێرشە مووشەکەی 15ی شوباتی سەر هەولێر بەردەوامەو بەڵام قۆناغی لێکۆڵینەوەکان کاتی زیاتری پێویستە.

 

باسی لەوەشکرد، قۆناغی لێکۆڵینەوەکان زیاتر لەلایەن دەزگای ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت بەڵام هەماهەنگیش هەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هێرشە موشەکیەکە.

 

نوێنەری حکومەتی هه‌رێمی کوردستان له‌ ژووری هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد، "بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەکان دەرئەنجامی باشی دەبێت، بەدڵنیاییەوە تاوانبارانی کردەوەکە دەدۆزرێنەوەو ڕەوانەی دادگا دەکرێن".

 

شەوى دووشەممە (15 شوباتى 2021) 14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.                      

  

گروپی "سرایا ڕولیاء الدم" کە تاقمێکی چەکدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەکییەکە ڕاگەیاند. هەروەها    گروپێکی چەکداریی دیکە بە ناوی "قوات ژوالفقار" پشتگیری بۆ هێرشەکە راگەیاندووە.      

  

ئەمە دووەم هێرشى موشەکییە بۆ سەر هەولێر لەماوەى کەمتر لە شەش مانگدا. 

  

هێرشەکەى پێشوو لە 30 ئەیلولى 2020دا بوو کە سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.