کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
سەرۆکی ناوەنی ئیمارات بۆ توێژینەوەی سیاسی ڕایدەگەیەنێت، ئیمارات عێراقێکی بەهێز و ئارامی دەوێت بەهۆی پەیوەستی دۆخی ئەمنی ئەو وڵاتەوە بە دەوڵەتانی کەنداوە، بە پێچەوانەی تورکیا و ئێران کە عێراقێکی بەهێز "وەک هەڕەشە لەسەر خۆیان دەبینن."
ئیبتیسام کەتبی لە پەراوێزی دیداری سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند عێراق ئارام نابێت تا دەستێوەردانی دەوڵەتەکانی دراوسێی لەسەر بێت کە کاردەکەن بۆ بەلاواز هێشتنەوەی عێراق، وتیشی: "هێزی عێراق سەرچاوەی ئارامی و هێزی دەوڵەتانی کەنداوە."
ئەو توێژەرە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئیمارات و ئێران دوای سزاکانی ئەمەریکا بەسەر تاراندا، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
"هیچ کەسێکی بوونی پەیوەندییەکی سروشتی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ڕەت ناکاتەوە، بەڵام کاتێک لایەنێک کاربکات لەسەر گواستنەوەی شانەی نووستوو و بەکارهێنانی کارتی تائیفی، ئەوە ڕەتکراوەیە،" توێژەرە ئیماراتییەکە وادەڵێت.