گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

دژە تیرۆری کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەى دەستگیرکراوانی بادینان بڵاوکردەوە

2021.02.19 - 14:19
App store icon Play store icon Play store icon
دژە تیرۆری کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەى دەستگیرکراوانی بادینان بڵاوکردەوە

ناس کورد-

دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا و لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، "دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان."

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 


دژە تیرۆری کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا لەبارەى سزادانی دەستگیرکراوانی بادینان کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە و دەڵێت، "زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکوومییەکان دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە."

 

ئەوە لەکاتێکدایە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەریمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی لەبارەی سزادانی پێنج دەستگیرکراوەکەی سنوری بادینان بە شەش ساڵ زیندانیکردن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوە دوا بڕیار نییە.

 


لە ڕاگەیەنراوەکە، نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، "ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ (18ی شوباتی 2021) بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە."

 


"لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە"، نێچیرڤان بارزانی وا دەڵێت.

 


سەرۆکى هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە "گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه‌ له‌ سەروەريی یاسا و سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگا و دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت."

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی دژە تیرۆر:

یاسا لە پێداویستییە بنچینەیییەکانی سیستەمی حکوومڕانییە، گرنگییەکی زۆری هەیە لە رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و رێگەگرتن لە ئاژاوەگێڕی و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی.


لە هەموو وڵاتێک داڕیژەرانی یاسا بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەکان لەبەرچاو دەگرن و نەتەوە و نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی لە سەرو هەموو شتێکەوەیە، ئیدی یاسا دەبێتە بنەمای حکوومڕانی و لەو چوارچێوەیەدا کار دەکرێت.


لە حکوومەتەکانی دونیا ئەو گروپ و رێکخراوانەی کە مایەی مەترسین و دژی بەرژەوەندییەکانیانن و دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئاژەوەگێڕی بۆیان لە چوارچێوەی یاسادا دەستنیشانیان دەکەن و لە لیستی تیرۆردا پۆلێنیان دەکەن، ئەگەر چاوێک بە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهاندا بخشێنین، ئەوا ناوی سەدان رێکخراو و گرووپ و کەسایەتی دەبینین، نموونە: لە ئیسڕائیل حیزبوڵڵا گرووپێکی تیرۆریستییە، لە تورکیا پەکەکە و فەتحوڵڵا گویلەن لە لیستی تیرۆردان، لە ئێران بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئەهواز و موجاهیدینی خەڵق تیرۆریستن، ئەلقاعیدە و داعش لای زۆربەی وڵاتانی دونیا تیرۆریستن، کۆمەڵەی ئەبوو سەیاف لە فلیپین تیرۆریستە، فارک لە کۆڵۆمبیا تیرۆریستە و حوسییەکانی یەمەن لای سعوودییە تیرۆریستە و سوپای پاسداران و ژمارەیەک کەسایەتی رژێمی سووریا و چەندین گرووپ و رێکخراوی تر لای ئەمریکا تیرۆریستن.


بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێکدەرانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنووسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان.


زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بریاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سووتاندنی بارەگا حکوومییەکان دەستگیر بکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە.


پێش چەند مانگێک بەناوی خۆپیشاندانەوە، ئاژاوەگێڕان و تێکدەران بە بەرچاوی هەموو دونیا و چالاکوانان و رۆژنامەنووسانەوە بارەگای حیزبی و حکوومییان سووتاند، چەکیان بەکارھێنا، نارنجۆک و ئاڕپیچییان تەقاند، ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بریندار کران و شەھید کران.


هاوکات ئەوەشمان بینی ھەندێ خۆپیشاندەر لە ئەمریکا بە بێ چەک چوونە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ لە واشنتۆن، نە باڵەخانەکە سووتێندرا نە خۆپیشاندەرانیش چەکیان پێ بوو، بەڵام زۆرینەیان دەستگیرکران و بە یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و سزا دران، ئەوانەشی پەیوەندییان بەو هەوڵە هەبووە پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێت تاوەکو رووبەڕووی دادگایان بکاتەوە، ئەم لێپێچینەوانە رێکاری یاساییان هەبووە و ئەمریکییەکان نەک دژی وەها بڕیارێک نەوەستانەوە بە پێچەوانەوە رێزیان لەو یاسایە گرت.


لە کوردستانیش سەرەڕای ئەو ھەموو بەڵگەیە لەسەر ئاژاوەگێڕان، نا نابێت دادگایی بکرێن چونکە چالاکوانی مەدەنی و رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەرن! لە لایەکی ترەوە سەرقاڵی سیخوڕیکردنن بەسەر دەزگا ئەمنی و حکوومییەکانەوە کاتێکیش دەستگیر دەکرێن دەبنە رۆژنامەنووس!


هەر بۆیە لەو کاتەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن، ئیدی دەیان کەس لە ژێر ناوی چالاکوان و رۆژنامەنووسی سەربەخۆ ماسکی روویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیکار و هاوخەمی سیخوڕان، ئەمەش بەر لە هەموو شتیک بۆ بنکۆڵکردنی پیشەی رۆژنامەنووسی و کاری رێکخراوەیی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە زیانمەندی یەکەم رۆژنامەنووس و ئەو چالاکوانانەن کە پرۆفیشناڵانە کاری میدیایی و مەدەنی خۆیان دەکەن و خەڵکانی گێرەشێوێن ناوبانگی پیشەیی ئەوان خراپ دەکەن.


بریا ئەوانەتان ئەوەندەی بەرگری لە خیانەتکار و سیخوڕان دەکەن بەرگریتان لە خاک و نیشتمان و مافە نەتەوەییەکان بکردایە ئێستا بارودۆخەکە بەجۆرێکی تر بۆ هەمووان باشتر دەبوو.
دژە تیرۆری کوردستان