ناس کورد-
بزوتنەوەى گۆڕان باس لە "ئاماژەی دڵخۆشکەر" دەکات بۆ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و دەڵێت، "بەشێک لەلایەنە شیعەکان نەرمییان نواندوە بەرامبەر پێدانى ماف و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دلێرعەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەچاوپێکەتنێکى تەلەفزیۆنێدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، "بەلاى ئێمەوە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا ئەولەویەتە، پێویستە هەردوولا لە چوارچێوەى دەستوردا لەبارەى پرسى بودجە و موچە بگەنە ڕێککەوتن."
ڕاشیگەیاند، لەحاڵەتى ڕێکنەکەوتن لەگەڵ حکومەتى ناوەندى پێویستە حکومەتى هەرێم پلانى جێگرەوەى هەبێت و لەرێگەى داهاتى ناوخۆوە موچە و پارەى پرۆژەى خزمەتگوزارى دابین بکات، لەو حاڵەتەشدا پێویستە چاکسازى ریشەیى و ڕاستەقینە ئەنجام بدات."
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنى هەرێم حکومەتى ناوەندى لەسەر بوجە و شایستە داراییەکان دەبێتە زەمینەسازى بۆ ڕێککەوتن لەسەر کۆى کێشەکانى نێوان هەردوولا.
دوێنێ (18ی شوباتی 2021) شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە و حەلبوسی ڕایگەیاند، دەبێت دادوەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بەسەر هەموو ڕۆڵەکانی عێراقدا هەبێت.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، پێشوازی کرد لە شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد و تاوتوێی دوا پێشهاتە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەکانی وڵات کرا."
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پرسی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی دارایی 2021، جەخت کرایەوە لەسەر بەردەوامبوونی وتوێژەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە پێی دەستور کە دەبێت دادوەری هەمووان بێت."
ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر دادوەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بەسەر رۆڵەکانی گەلی عێراقدا.
هەر دوێنێ، مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق و شاندى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەى کازمى کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەکۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو گرنگترین پرسە سیاسی و ئەمنى و نیشتیمانییەکان تاوتوێکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هێرشەکەى سەر هەولێر کراوە، لەگەڵ هەماهەنگى ئەمنى و هەواڵگرى لەگەڵ دەسەڵاتدارانى هەرێم.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا پڕۆژەى بودجە تاوتوێکراوە کە لەبەردەم پەرلەماندایە بەمەبەستى پەسەندکردنى و جەختکراوەتەوە لەسەر دابەشکردنى دادپەروەرانەى سامان لەنێوان عێراقییەکان بەبێ جیاکاریی، بەشێوەیەک کە تەبابێت لەگەڵ دەستور.