گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاری زیاتر

نوێترین لێدوانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا

2021.02.18 - 17:51
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین لێدوانی قوباد تاڵەبانی لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا

ناس کورد-

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا یارمه‌تیده‌ر دەبێت‌ بۆ سه‌قامگیری لە عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سەرۆکی شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لەمیانەی بەشداریکردنی لە دیداری ئەلیكترۆنیی ئەنجومەنی کاری فەرەنسی _ عێراقی (پێنجشەممە 18ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، " ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا یارمه‌تیده‌ر دەبێت‌ بۆ سه‌قامگیری لە عێراق."

 

وتیشی، "هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستانیش زەمینەیەکی لەبارتر بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەڕەخسێنن بۆ كاركردن."

 

هاوکات دەربارەی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم، قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، " لە ڕابردوودا کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی چاکسازی گیراونەتە بەر، لە ماوەی داهاتووشدا هەر لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی چاکسازیدا کۆمەڵێک چاکسازی لە یاسا کۆنەکانیدا دەکرێت، ئەمانەش هەموو هاندەر و یارمەتیدەرێکی بەهێز دەبن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەر و کۆمپانیا بیانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان."

 

لەبارەی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، " کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی فەرەنسی دەتوانن بە هاوکاری حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ناوخۆییەکان رۆڵی گرنگ ببینن لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی."

 

ئاژانسى هەواڵى عێراق (18ى شوباتى 2021) بڵاوى کردەوە، لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق ئاماژەیان بە ڕێککەوتنێکى کۆتایى لەنێوان شاندى حکومەتى هەرێمى کورستان و حکومەتى عێراق کردووە لەبارەى پشکى هەرێم لە بودجەدا.  

  

ئاماژە بەوەش کراوە، ڕێککەوتنەکە بەدڵى حکومەتى فیدراڵ و حکومەتى هەرێمە.  

  

ئاژانسەکە لە لیژنەى دارایى پەرلەمانەوە ئەوەى رونکردۆتەوە کە پێشبینى دەکرێت لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو دەنگ لەسەر بودجەکە بدرێت.  

  

هاوکات ئەحمەد کەنانى، سەرۆکى لیژنەى ئابوورى و وەبەرهێنان لەپەرلەمانى عێراق (18ى شوباتى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى (المدى)ى عێراقى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، لیژنەى دارایى هەموارکردن و کاروبارەکانى تایبەت بەبودجە تەواوکردووە جگە لەو مادانەى کە پەیوەندییان بەڕێکەوتنى نەوتى نێوان هەرێم و فیدراڵەوە هەیە.  

  

کەنانى جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، لێکنزیکبونەوەیەک لەنێوان دیدى شاندى کوردى و لایەنە سیاسیەکاندا بۆ ڕێکەوتن لەسەر پشکى هەرێم لەبودجەدا لەئارادایە بەتایبەت لەسەر موچەى فەرمانبەران و بڕى نەوت و هەناردەکردنى لەڕێگەى کۆمپانیاى سۆمۆەوە.  

  

ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوەش کرد، لەکاتى نەگەیشتنى لایەنەکان بەڕێکەوتن ئەوا بودجەکە بەزۆرینەى دەنگى پەرلەمانى نەک بەڕێکەوتنى سیاسى تێدەپەڕێنرێت و لەو باوەڕەشدایە هەرێم و فیدراڵ بگەنە ڕێکەوتن بۆ ئەوەی تێپەڕاندنى لەپەرلەمانەوە بەسازانێکى سیاسى ئاسان بێت.  

  

کەنانى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، هەردوولا هەفتەى داهاتوو وادەکەیان تەواو دەبێت نەشگەنە ڕێکەوتن ئەوا بەزۆرینەى بودجەکە تێدەپەڕێنرێت.  


هەروەها ڕۆژنامەى (الشرق الأوسط) لەسەر زارى سەمیر هەورامى وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە بڵاوى کردەوە، گفتوگۆ و دانوستانەکان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن لەسەر دەقێکى ڕەشنوسى بودجەکە کە پێشتر حکومەتى هەرێم و فیدراڵیش لەسەرى ڕێکەوتوون.