گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە چیدا بووە یەکەم؟

هەڤاڵ ئەبوبەکر: لەدوای ئازادی و ئاسایش سلێمانی لە بوارێکی دیکەشدا بووە یەکەم

2021.02.18 - 17:31
App store icon Play store icon Play store icon
هەڤاڵ ئەبوبەکر: لەدوای ئازادی و ئاسایش سلێمانی لە بوارێکی دیکەشدا بووە یەکەم

ناس کورد-

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ یەکەمجار و لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لەدوای ئازادی تایبەتی و میدیایی و سیاسی و ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشی، سلێمانی لە ژمارەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریشدا بووە یەکەم و و لەماوەی ساڵێکدا ملیارێک و 47 ملیۆن دۆلار لە 34 پڕۆژەی پارێزگاکەدا خراوەتەگەڕ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی (پێنجشەممە 18ی شوباتی 2021) لە فەیسبوکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، "لەنێوان ساڵی ۲٠۲٠ و سەرەتای ۲٠۲۱دا، بەهەوڵی مکوڕانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کورستان و پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرێتییە گشتییەکانی وەبەرهێنان و کشتوکاڵ و شارەوانییەکانی سلێمانی و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی تر لە حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و بەدەستپێشخەریی و بەشداریی کەرتی تایبەتی نیشتمانیی و وەبەرهێن و سەرمایەگوزارە نیشتمانییەکان؛ لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بڕی ملیارێک و 47 ملیۆن دۆلار لەڕێی 34 پڕۆژەوە لەسنوری پارێزگاکەدا خراوەتە گەڕ."

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەم بڕە بۆ یەکەمجارە لە 30 ساڵی ڕابردوودا دەگاتە پلەی یەکەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ئەم هەوڵانە هەوڵێکی بەرنامە بۆ دانراوی شیاوانەیە بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی و سەرمایەگوزاریی و بوژاندنەوەی بازاڕو نەچونەدەرەوەی دراوی قورس و بەکارهێنانی کەرەستەی خۆماڵیی و دروستکردنی هەزاران دەرفەتی کار، کە هەموو ئەمانە بەرهەمی ئارامیی و سەقامگیریی و پلانی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانییە بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و قۆرخکاریی و دروستکردنی زەمینەیەکی شیاوی شەفاف و دادپەروەرانە لەم بوارە ستراتیژییە هەستیارو بەهادارەدا."

 

‏‎هەڤاڵ ئەبوبەکر ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە دوای ئازادییە تایبەتیی و گشتیی و مێدیایی و سیاسییەکان و ڕۆشنبیریی و کرانەوەی کۆمەڵایەتیی و بەشداریی کارایانەو شایانانەی ژنان و ئاسایشی گشتیی و هونەرو وەرزش و داهێنانی ئەدەبیی و پەروەردەو تەندروستیی و شارەوانیی و ژینگەو سەوزایی و چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک و وزەنوێکان و غازی سروشتیی و ژمارەی دەروازە سنورییەکان و یەکە کارگێڕییەکان و کشتوکاڵ و پیشەسازیی و فراوانبونی مرۆیی و شارنشینیی و شارەوانیی و نیشتەجێبوون و‎ بوژاندنەوەی گوندەکان و چالاکییە مەدەنیی و ڕۆشنبیریی و هونەرییەکان و گەشتیاریی و پێکەوەژیان و ئیدارەدانی شیاوی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆناو و کەمترین‎  ڕێژەی نەخوێندەوایی و هەژاریی و بێکاریی، لە بواری سەرمایەگوزاریی نیشتمانیی و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانیشدا، گەیشتە پلەی یەکەم."