ناس کورد-
سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پڕۆژەیەكیان داوەتە ئەنجومەنی وەزیران كە ھاوشێوەی پڕۆژەی چاكسازی كار بۆ نەھێشتنی گەندەڵیش بكرێت، دەشڵێت لەم دوو ھەفتەیەدا پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەكرێت و دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم (پێنجشەممە 28ی شوباتی 2021) بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاند، " پڕۆژەیەكمان بۆ نەھێشتنی گەندەڵی داوەتە ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی یاسایی تەواوی كردووە و دەدرێتە وەزیرەكان، تا تێبینیی خۆیانی لەسەر بنوسن و لەم دوو ھەفتەیەشدا دەخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیران و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت، كە دواتر دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لە رێگەی ئەو پڕۆژەیەوە بەرچاومان ڕوون دەبێت، كە چۆن كار بكەین و لە ھەموو سێكتەر و جومگەكانیش لە ھەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكرێت كە گەندەڵی بنبڕ بكرێت و نەھێڵدرێت."
ڕوونیشیکردووەتەوە، " ئەو پڕۆژەیە بۆ ماوەی پێنج ساڵ بەردەوام دەبێت و گرنگیی زۆری ھەیە بۆ نەھێشتنی گەندەڵی و دەبێتە نەخشەڕێگایەك لەسەر ئاستی ھەموو فەرمانگەیەك، كە چی بكەین و خاڵە لاوازەكان چین و لە كوێ پێویستمان بە چاكسازی و نەھێشتنی گەندەڵی ھەیە".
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێم باسی لەوەشکردووە، "حكومەتی ھەرێمی كوردستانیش پشتگیرییەكی تەواومان دەكات و ھاوكار دەبێت و خۆیان پڕۆژەكە پەسەند دەكەن، هەروەها لیژنەی باڵای بۆ دروست دەكرێت ھاوشێوەی لیژنەی باڵای چاكسازی و پڕۆژەكەش ھاوشێوە دەبێت و كاتێك پەسەند كرا، ئەوكات لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران دانیشتن دەكەین كە چۆن كاری لەسەر بكەین".