کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی ڕووداوەکانی دوێنێ و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەبێ یەکێتی کۆدەبێتەوە. . بەرزان ئەحمەد کوردە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 11 کۆبوونەوەکە دەستپێدەکات و تایبەت دەبێت بە گفتوگۆ دەربارەی پەشیمانبوونەوەی پارتی لە ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی تایبەت بە پرسی کەرکوک و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بەبێ یەکێتی". . سەبارەت بەوەی کە کۆبوونەوەکە تەنها ڕاوێژکاری دەبێت یاخود ئەگەری بڕیاردانی تێدایە، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی وتی، تا ئێستا دیار نییە ئەنجامی کۆبوونەوەکە چۆن دەبێت، بەڵام ئەگەری هەر بڕیارێک لە ئارادایە. . سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ پارتی، بەرزان ئەحمەد کوردە ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا بەهیچ شێوەیەک باس لە هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکانیان لەگەڵ پارتی نەکردووە و دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. . دوێنێ سێشەممە 29ی ئایاری 2019 سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەگەرچی ڕێککەوتنی پێشوەختەیان هەبوو بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی نەکرد و دەنگی بە کاندیدەکەی پارتی نەدا بۆ سەرۆکی هەرێم. . لە دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنەکە و هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێم، یەکێتی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، کە پارتی لە ڕێککەوتنەکەی نێوانیان تایبەت بە پرسی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی عێراق پەشیمان بووەتەوە. . دواتر وتەبێژى پارتى لەبارەى هەلوێست و لێدوانەکانى یەکێتى هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: "مەسعود بارزانى و کۆسرەت ڕەسول لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستى پارێزگارى کەرکوک ڕێککەوتون بەڵام درەنگانێکى شەوى ڕابردوو سەرکردەیەکى یەکێتى ناوى سێ کاندیدى دیکەى بۆ ناردوون". . .