گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

 ئەمەریکا کاتى وەڵامدانەوەى هێرشە موشەکییەکەى سەر هەولێرى دیارى کرد 

2021.02.17 - 23:02
App store icon Play store icon Play store icon
 ئەمەریکا کاتى وەڵامدانەوەى هێرشە موشەکییەکەى سەر هەولێرى دیارى کرد 

ناس كورد-

میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویانکردەوە، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ودەرەوەی  ئەو وڵاتە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەمەریکا وەڵامی هێرشە موشەکییەکەی سەرهەولێر دەداتەوە لەو کات و شوێنەی کە خۆی دیاری دەکات. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی"ئەی. بی. سی"ئەمەریکی( 17ی شوباتی 2021) کە" ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، "ئیدارەی جۆ بایدن،لە ئێستادا  هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات کە کێ بەرپرسە لەو هێرشە موشەکییەی کە دووڕۆژ لەمەوبەرکرایە سەرهەولێر و بووە  مایەی بریندارکردنی پێنج ئەمەریکی وکوژرانی بەڵێندەرێکی بیانی".

 

ئاماژە بەوەشکراوە،" ئەمەریکا کات و شوێنی وەڵامدانەوەی بۆ ئەو هێرشە  دیاریدەکات".  

 

شەوى (15ى شوباتى 2021)  14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.     

 

تا ئێستا هێزە ئەمنییەکانى هەرێم بەفەرمى هیچ گروپێکیان بەئەنجامدانى هێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە، بەڵام شەوى رابردوو گروپی "سرایا أولیاء الدم" كە تاقمێكی چەكدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند.       

 

 ئەمە دووەم هێرشى موشەکییە بۆ سەر هەولێر لەماوەى کەمتر لە شەش مانگدا.   

 

 هێرشەکەى پێشوو لە 30 ئەیلولى 2020دا بوو کە سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.