گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

بەشیر حەداد وردەکاریى دوا کۆبونەوەى شاندى حکومەتى هەرێم لە بەغدا ئاشکرا دەکات 

2021.02.17 - 22:26
App store icon Play store icon Play store icon
بەشیر حەداد وردەکاریى دوا کۆبونەوەى شاندى حکومەتى هەرێم لە بەغدا ئاشکرا دەکات 

ناس کورد-

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، شاندی حکومەتى هەرێمی کوردستان سبەی دوا کۆبونەوەی خۆیان لەبەغدا لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح ئەنجام دەدەن و جەختیش دەکاتەوە "دوای کۆبونەوەکە چارەنوسی پشکی هەرێم لە بودجەى عێراقدا یەکلایی دەبێتەوە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەشیرحەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ( 17ی شوباتی 2021) لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بینیوویەتى ڕایگەیاند "بریارە شاندی حکومەتى هەرێمی  کوردستان سبەی لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانێتی فەتح کۆببێتەوە، دوای کۆبوونەوەکە چارەنوسی پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 یەکلایی دەبێتەوە".

 

بەوتەی حەداد "بەشێک لەلایەنە شیعییەکان لێکتێگەیشتنی باشیان بۆ گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغدا هەیە بەتایبەتی دوای ڕادەستکردنی هەموو ئەو داتا و ئامارانەی کە پەیوەندییان هەیە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمەوە، بەڵام بەشێک لەلایەنە شیعییەکانی تر هێشتا ناڕازین و ئاستەنگی دەخەنە بەردەم ڕێککەوتنی بەغدا و هەولێر".

 

جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو "هادی عامری، لیژنەیەکی لەژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە پێکهێناوە بۆ ئەوەی دەقێک دابڕێژنەوە لەبری ئەو دوو دەقەی( 11و12) کە حکومەت لە پرۆژە یاساکەدا دایناوە کە جەختدەکەنەوە لە پابەندبوونی هەرێم لە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نانەوتییەکان".

 

حەداد، ئەوەشی وتووە "بەشێک لەلایەنە شیعییەکان ئەو دوو دەقە ڕەتدەکەنەوە و داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەکەن، بۆیە سبەی ئەو لیژنەیەی کە عامری پێکیهێناوە دەقێکی دیکە دەخاتە بەردەم شاندەکەی حکومەتى هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو دەقە لەچوارچێوەی دەستوردا بێت ئەوا شاندی هەرێم  پێی ڕازی دەبێت، بەپێچەوانەوە ڕەتدەکرێتەوە".

 

لەبارەی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان، حەداد وتی "بریارە هەفتەی داهاتوو نیوەی پارەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت و نیوەکەی دیکەشی دوای پەسەندکردنی بودجە ڕەوانە دەکرێت".

 

بەشیرحەداد، باسی ئەوەشی کردووە "بەمەبەستی برەودان بە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، داوامان لەحکومەتی فیدڕاڵی کردووە هاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق پرۆسەی هاوردە و هەناردەکردنی زێری تێدا بکرێت، حکومەتی فیدڕاڵیش ئامادەیی خۆی لەو بارەیەوە نیشانداوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا بریارەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".