گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

زانیاری نوێ لە بارەی خۆفڕێدانى کچە خوێندکارێک لە نهۆمى سێیەمى قوتابخانەیەکى سلێمانى 

2021.02.17 - 20:44
App store icon Play store icon Play store icon
زانیاری نوێ لە بارەی خۆفڕێدانى کچە خوێندکارێک لە نهۆمى سێیەمى قوتابخانەیەکى سلێمانى 

ناس کورد-

ئەو کچە خوێندکارەى بەیانی ئەمڕۆ لە ئامادەیی کوردستانی کچان خۆی هەڵدایە خوارەوە پێش دوو هەفتە لەلایەن توێژەری قوتابخانەکەیانەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی ناو فۆڕمێکی داوەتەوە کە تایبەتە بە ژیانی خوێندکارەکان و توێژەرەکەش پێش ئەوەی سەردانی بکات لە نەخۆشخانە سەیری فۆڕمەکەی کردووەتەوە و بۆ "ناس کورد" باس لە ڕووداوەکە دەکات.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شۆخان عومەر، توێژەر لە ئامادەیى کوردستانی کچان لەمیانی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ پەیامنێری "ناس کورد" (17ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، ئەو کچە خوێندکارەى بەیانی ئەمڕۆ لە ئامادەییەکەمان خۆى  هەڵداوەتە خوارەوە ماوەی سێ ساڵە خوێندکاری ئامادەییەکەمانەوە و هیچ گرفتێکی نییە لە قوتابخانەو هیچ کێشەیەکی خێزانیشییان نییە، یەکێک بووە لە خوێندکارە زیرەکەکانیش، تەنانەت بۆ زانینی بارودۆخی دەرونی پێش ئەوەی خۆی هەڵبداتە خوارەوە قسەم لەگەڵ هاوڕێکانی کردووە و بەڕوونی ئەوەیان وتووە هیچ کێشەیەکی نەبووە و ئەوەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس کراوە گوایە پێش ئەوەی خۆی هەڵبداتە خوارەوە گریاوە دورە لە ڕاستییەوە و یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی ئەوەی وتووە کە هیچ شتێکی نائاسایی تێدا بەدی نەکراوە.

 

ئەوەشی ئاشکراکرد، ساڵانە لەڕێگەی فۆڕمێکەوە کە چەند پرسیارێکی تێدایە لە دۆخی خوێندکارەکانیان دەپرسن لە خوێندنگە و لە دەرەوەی خوێندنگە و ناو خێزانەکەشی، بۆ ئەمساڵیش دوو هەفتە پێش ئێستا سەرجەم خوێندکارانى ئامادەییەکەیان ئەو فۆڕمەیان پڕکردووەتەوە. 

 

وتیشى "(س.ب)ش یەکێک بووە لەوانەی وەڵامی پرسیاری فۆڕمەکەی داوەتەوە و من پێش ئەوەی بێمە نەخۆشخانە بۆ سەردانی سەیری فۆڕمەکەم کردووەتەوە ئەم قوتابییە هیچ کێشەیەکی خێزانی و تایبەتی نەبووە و لە فۆڕمەکەش باسی نەکردووە. 

 

شۆخان عومەر باسی لەوەشکرد، ئێستا ئێمە لەنەخۆشخانەین لەگەڵ دایک و باوک و پورێکیشی قسەمان کردووە و کە ئەوان زۆر نزیکین ئەوانیش ئەوەیان وتووە هیچ کێشەیەکی نەبووە.

 

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی وتی "ئەوەی بە ئێمە وتراوە لە ئێستادا کە لە نەخۆشخانەین خوێن بەربوونەکەی کە بەهۆی برینی سەری بوو چارەسەر کراوە، بەڵام قاچێکی شکاوە و نازانین ئایا هۆشی هاتووەتەوە یاخود نا".

 

ڕووداوەکە کاتژمێر 11ى پێش نیوەرۆى ئەمڕۆ چوارشەممە (17ی شوباتی 2021) لە ئامادەیی سلێمانى کچان ڕوویدا، کاتێک کچە خوێندکارێکى پۆلى 10ى ئامادەیی لە پەنجەرەیەکى قوتابخانەکەوە خۆى فڕێدایە خوارەوە.  

  

خوێندکارەکانى قوتابخانەکە لەکاتى پشوودا بوون، کاتێک کچە خوێندکارەکە کورسییەکى پۆلێکى برد کە لەکاتى وانەدا مامۆستاکان بەکاریدەهێنن، ئەوان وایانزانى دەچێتە سەرى و کاتژمێرى پۆلەکە چاک دەکاتەوە، نەک بیەوێت لەرێگەیەوە خۆى فڕێبداتە خوارەوە.  

  

"جەرەس لێیدا لەگەڵ کۆمەڵێک هاورێمدا باسى وانەمان دەکرد، ئەو هات و کورسییەکى برد، وتمان ئەگەر کاتژمێرەکە چاک دەکەیت، ئەوەى پۆلەکەى ئێمەش چاک بکە، وتى باش، بەڵام کاتێک سەرقاڵ بووین کورسییەکەى بردە دەرەوە"، کچە خوێندکارێکى شایەتحاڵ بەو شێوەیە رووداوەکەى بۆ "ناس کورد" گێڕایەوە.  

  

کچەکە یەکێک لە هاورێکانى لەگەڵدا بووە کاتێک کورسییەکەى بردووەتە لاى پەنجەرەى هۆڵى بەردەم پۆلەکە "هاوڕێکەى دەنگى بەرزکردەوە و وتى چى دەکەیت، وتى هیچ، قەمسەڵەکەى کردەوە و بەپشتدا خۆى فڕێدایە خوارەوە".  

  

خوێندکارەکان بەخێرایی چوونە نهۆمى خوارەوە و ئیدارەى قوتابخانەکەیان ئاگادارکردەوە و بەپەلە رەوانەى نەخۆشخانەى شۆرش کرا بۆ وەرگرتنى چارەسەر.  

  

کچەکە ناوی (س. ب.)ـە و پۆلى 10ى ئامادەییە و تەمەنى 17 ساڵە.  

  

دایکى کچەکە بە پەیامنێرى "ناس کورد"ى وت کە کچەکەى هیچ کێشەیەکى نەبووە. هاوڕێکانیشى وتیان کە ئاگادارى ئەوە نەبوون کێشەى هەبوبێت، بەڵام ئەمڕۆ کەمێک "بێزارى" پێوە دیار بووە.  

  

"ئێمە لەنهۆمى خوارەوە بووین کاتێک بینیمان ئەو کچە خۆى فڕێدایە خوارەوە و خوێن لەسەر زەوییەکە بینرا، پێش رووداوەکە کەمێک بێزارى پێوە دەبینرا"، خوێندکارێکى دیکەى شایەتحاڵى رووداوەکە وایوت.  

  

پەیامنێرى "ناس کورد" چووە نەخۆشخانەى شۆڕش بۆ وەرگرتنى زانیارى لەبارەى تەندروستى کچەکە، بەڵام بەرپرسانى نەخۆشخانەکە ئامادەنەبوون هیچ زانیارییەک بدەن لەو بارەیەوە.  

  

بەپێی ئەو زانیاریانەى دەست "ناس کورد" کەوتووە، کچەکە زیان بەر سەرى کەوتووە و و پزیشکەکان سەرقاڵى چارەسەرکردنین.  

  

بەڕێوەبەرى قوتابخانەکە دەڵێت، رووداوەکە کتوپڕ بووە و هیچ شتێک نازانن لەبارەیەوە.  

  

وتیشى "خێزانەکەى هەمووى بۆ دەگرین و دەڵێن کێشەى نەبووە، خێر دەکەن بۆ چاکبونەوەى، کچە هەر هاوار دەکات و دەڵێت ئازارى هەیە".