گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هەرێم داواى پشکى خۆى لە کیت و ئامێرى تایبەت بە کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە بەغدا دەکات 

2021.02.17 - 19:12
App store icon Play store icon Play store icon
هەرێم داواى پشکى خۆى لە کیت و ئامێرى تایبەت بە کۆرۆنا گۆڕاوەکە لە بەغدا دەکات 

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا لە هەرێم تۆمار نەکراوە و کیت و ئامێری تایبەت بە پشکنینی توخمە گۆڕاوەکە لەئێستادا لە تاقیگەیەکی شاری هەولێر بەردەستە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاسۆحەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان (17ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند "لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان توانای پشکنینی بۆ توخمە نوێیەکەی کۆرۆنا هەیە، کیت و ئامێری تایبەت بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە تاقیگەیەکی شاری هەولێر بەردەستە".

 

 وتیشی "تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە کیت و ئامێری تایبەت بە پشکنینی ئەو ڤایرۆسە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە ڕەوانە نەکراوە، حکومەتی هەرێم خۆی لەسەرچاوەیەکی دیکەوە ئەو پێدوایستیانەی دابین کردووە".

 

لەبارەی بوونی حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لەهەرێمی کوردستان، حەوێزی وتی، "تائەم کات و ساتە هیچ حاڵەتێکی توشبوون بە توخمی گۆڕاوی ڤایرۆسەکە لەهەرێمی کوردستاندا تۆمار نەکراوە، هەرچەندە ئەو توخمە گۆڕاوە لەمانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە لە جیهاندا تۆمار کراوە".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شارەکانی هەرێم بەراورد بەچەند ڕۆژی ڕابردوو، ئاماژەی بەوەکرد "لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی ژمارەی پشکنینەکانی زیاد کردووە، ڕۆژانە نزیکەی شەش هەزار پشکنین لە تاقیگەکانی  تایبەت بە ڤایرۆسەکە لە شارەکانی هەرێمی کوردستاندا ئەنجام دەدرێت، کە ئەوەش وادەکات ژمارەکان تاڕادەیەک زیاد بکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا مەترسیدار نین".

 

حەوێزی ئەوەشی خستە ڕوو "وەزارەتی تەندروستی هەرێم پلانی هەیە لەحاڵەتی تۆمارکردنی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە هەرێم، ناوەندی پشکنینی ئەو جۆرە ڤایرۆسە لە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانیش بکاتەوە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە ڕۆژی (دووشەممە، 15ی شوباتی 2021) ڕوبا فەلاح، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند "بەم نزیکانە وەزارەتی تەندروستی عێراق پشکی هەرێمی کوردستان لە کیت و ئامێری تایبەت بە پشکنینی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا ڕەوانەی تاقیگەکانی دەکات".