گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پنتاگۆن ’’بژاردەکانى’’ وەڵامدانەوەى هێرشەکەى هەولێر دەداتە بایدن

2021.02.17 - 10:07
App store icon Play store icon Play store icon
پنتاگۆن ’’بژاردەکانى’’ وەڵامدانەوەى هێرشەکەى هەولێر دەداتە بایدن

ناس کورد-

 

بەرپرسێک لە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا رایگەیاند، سەرکردە سەربازییەکان راسپاردەى تایبەت بە بژاردەکانى وەڵامدانەوەى هێرشە موشەکییەکەى سەر هەولێر رادەستى جۆ بایدن دەکەن، بۆ ئەوەى بڕیارى پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی کەناڵى "حورە" ى ئەمریکى (17 شوباتى 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، بەرپرسەکەى پنتاگۆن باسى لەوەکردووە، پنتاگۆن تا ئێستا سەرقاڵى هەڵسەنگاندنى دۆخى ئەمنى و هەواڵگرییە بۆ دیاریکردنى لایەنى بەرپرس لە هێرشەکەى سەر هەولێر.

 

بەوتەى بەرپرسەکە، بڕیاردان لەبارەى چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێرشە دەگەڕێتەوە بۆ ئیدارەى بایدن، دواى ئەوە سەرکردە سەربازییەکان بژاردەکانى دەخەنە بەردەست.

 

جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی رۆژى سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە وتى "هێشتا ئەمریکا ئەنجامدەری هێرشەکەی هەولێری دیاری نەکردووە."  

  

وتیشى "کۆشکی سپی توڕەیە لەو هێرشەی کە بووەهۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی مەدەنی و برینداربوونی پێنج ئەمریکی."  

  

هاوکات بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، ئەمریکا بەگوێرەی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان وەڵامی دەبێت بۆ هێرشە موشەکییەکەى هەولێر.    

  

کەناڵی "العربیة" لەزاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاوە گواستییەوە"لە ئاستێکی باڵادا پەیوەندی بە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە کراوە لەبارەى هێرشەکان، سورین لەسەر پاراستنی سەرباز و هاوڵاتیانمان لە عێراق."    

  

ئەو بەرپرسە دەشڵێت، "چەند بژاردەیەک دەدەینە فەرماندەیی ئەمریکا و سەرۆک بایدن بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکان."    

  

هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پەیوەندی بە جومعە عیناد، وەزیری بەرگریی عێراقەوە کردووە و تاوتوێی هێرشەکەى دوێنێ شەوی سەر هەولێریان کردووە.    

  

دەشڵێت، لە پەیوەندییەکەدا ئۆستن پابەندنی وڵاتەکەى بە پاراستنی سەقامگیری عێراق دووپاتکردەوە. 

 

شەوى دووشەممە (15 شوباتى 2021) 14 موشەک ئاڕاستەى هەولێر کرا و بەهۆیەوە بەڵێندەرێکى هاوپەیمانان کوژرا و نۆ کەسى دیکەش برینداربوون کە بەشێکیان ئەمریکین.                  

  

گروپی "سرایا أولیاء الدم" كە تاقمێكی چەكدارە و خۆی بەخاوەنی خوێنی سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس دەزانێت بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە موشەكییەكە ڕاگەیاند. هەروەها    گروپێکی چەکداریی دیکە بە ناوی "قوات ذوالفقار" پشتگیری بۆ هێرشەکە راگەیاندووە.  

  

ئەمە دووەم هێرشى موشەکییە بۆ سەر هەولێر لەماوەى کەمتر لە شەش مانگدا.                    

  

هێرشەکەى پێشوو لە 30 ئەیلولى 2020دا بوو کە سێ موشەک لە نزیک بارەگای دیموکرات لە گردەچاڵی هەولێر و سێ موشەکیش لە نزیک هێزی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەوتنەخوارەوە و هەرێم حەشدى شەعبى بە ئەنجامدانى تۆمەتبارکرد.