ناس کورد-
نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەسەر پڕۆژهیاسای بودجهی 2021 پێویستی بە دانوستان و سازانی نێوان بەغدا و ھەولێر ھەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جێنین ھێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە بەغداوە وتارێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد و (16ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "دووبارە جەخت لەوە دەکەمەوە کە بوونی پەیوەندیی ئەرێنی و سەقامگیر لە نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و ھەرێمی کوردستان زۆر پێویستە بۆ سەقامگیری ههموو وڵات".
لەبارەى هێرشەکانی شەوی ڕابردووی سەر هەولێر، پلاسخارت وتی، "دەمەوێ بە ئیدانەکردنی ھێرشە مووشەکییەکەی دوێنێ شەو بۆ سەر شاری ھەولێر دەستپێبکەم. ئەو ھەوڵە سەرکێشییە، ھەڕەشەی جددیی لەسەر سەقامگیریی عێراق دروستدەکات. ھەماھەنگی نزیکی بەغدا و ھەولێر بۆ رادەستکردنی تاوانباران بە دادگا، گرنگییەکی زۆری ھەیە لە ئێستادا".
پلاسخارت لەبارەى هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقەوە وتی، "ھەر ھاوڵاتییەکی عێراقی کە خوازیاره بهشداربێت لە ھەڵبژاردنەکان چ وەک کاندید یاخود بانگهشهكار، پێویستە بێ ترس لە چاوسوورکردنەوە، ھێرش، ڕفاندن یان کوشتن، بتوانێت ئەو کارە بکات".
دەشڵێت، "تا ئێستا پەرلەمان یاسای دادگای باڵای فیدراڵی یەکلایی نەکردووەتەوە لە کاتێکدا ئەم دادگایە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پەسهند دەکات. دواکەوتنی زیاتر لە پەسندکردنی ئەم یاسایە جێگەی قبوڵ نییە. داوا دەکەم گشت لایەنەکان دەستبەجێ ھەوڵەکانیان بخەنەگەڕ".