ناس کورد-
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر بردنە دەرەوەی (6) ملیار یۆرۆ بەڵگەی تازەیان ئاڕاستەی لیژنەی دەستپاکیی هەرێم کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی لە فەسبوکی فەرمیی خۆی ڕایگەیاند، "جارێکی دیکە لەسەر دۆسیەی بردنە دەرەوەی (6) ملیار یۆرۆ لە هەرێمی کوردستان چەند بەڵگەیەکی نوێمان ئاڕاستەی لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی کوردستان کردەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ماوەیەکی زۆرە و بەبەردەوامی لەسەر ئەم مەلەفە لە بەدواداچووندابووین؛ لە هەنگاوی یەکەم، هەموو بەڵگەکانمان ئاڕاستەی لیژنەی دەستپاکی کرد و دواتر سکاڵامان تۆمار کرد لە داواکاری گشتی. "
گەزنەیی ئەوەشی خستووەتەڕوو، "تا ئێستاش داواکاری گشتی بە بێ بیانوو ئەم مەلەفەی داخستووە، هەرچەندە داوای ڕوونکردنەوەشمان کردووە، بەڵام هیچ زانیارییەک ناخەنە بەردەست. "
ڕونیشیکردووەتەوە، "لە ئێستادا هەموو بەڵگەکان لەلای لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی کوردستان هەن و چاوەڕوانی بەدواداچوون یەکلا کردنەوەی ئەم بابەتەین. "