ناس کورد-
بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، بەهۆى دیاریکردنى نرخى نەوت بە 45 دۆلار لەبودجەدا و بەبەراورد بەنرخەکەى لەئێستادا 17 دۆلار جیاوازى لەنێوانیاندا هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد سەفار بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق (15ى شوباتى 2021) لەلێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەى سەباحى فەرمى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، نرخى داشکێنراو دەبێت لەبودجەى 2021دا 48 دۆلار بێت بۆ یەک بەرمیل بەڵام حکومەت 42 دۆلارى دیاری کردووە و لیژنەکەشیان نرخەکەى بەدەنگدان کردووە بە 45 دۆلار.
سەفار رونیکردەوە، ئەو نرخەى لە بودجەدا بۆ نەوت دنراوە بەهۆى بەرزبونەوەى نرخى بەرمیلێک نەوت بۆ 62 دۆلار جیاوازییەکى زۆرى هەیە واتا بۆ هەر بەرمیلێیک نزیکەى 17 دۆلار جیاوازى هەیە و ئەوەش دەکاتە 25 تریلیۆن دینار لەبودجەکەدا کە کورتهێنان پڕ دەکاتەوە و ئەو کات پێویستیان بەقەرزکردن نابێت.
بەوتەى سەفار، ئەوە پێدەوترێت (زیادەى نەوتى) چ لەڕێگەى جیاوازى نرخەوە بێت جا یاخود لەڕێگەى بڕى زیاترى نەوتەکەوە بێت و لەڕێگەى ئەو زیادەوە دەتوانرێت کورتهێنانى بودجەکە چارەسەربکرێت و ئەوەشى کە لێى دەمێنیتەوە بخرێتە چوارچێوەى بودجەى تەواوکارییەوە.
لاى خۆشیەوە، مەزهەر محمد ساڵح، ڕاوێژکارى ئابورى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، لەساڵى 2004 ەوە تا 2019 بودجە هەر بەشێوەى خەمڵاندنى نرخەکان بووە جگە لەساڵانى 2014 و 2020 کە پڕۆژەکەى تێدا ئامادە نەکراوە و هەموو کاتێکیش نرخەکانى نەوت بەشێوەى شکاندن دانراون.
دەشڵێت، کاتێک نرخەکانى نەوت بەزربێتەوە بەشێوەیەکى زۆر و کورتهێنان پڕ بکاتەوە ئەوا دەکرێت لەنیوەى ساڵدا بودجەى تەواوکارى دابنرێت ئەوەش بەپێى یاسایى بەڕێوەبردنى دارایى.