ناس کورد-
سەرچاوەیەکى باڵاى عێراقى ئاشکرایکرد، هەفتەى ڕابردوو هێزەکانى سوریاى دیموکرات "هەسەدە" 100 دەستگیرکراوى ڕێکخراوى داعشیان ڕادەستى عێراق کردووەتەوە و بەرپرسێکى کوردیش ڕەتیدەکاتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسى فرانس پرێس (14ى شوباتى 2021) لە زارى سەرچاوەیەکى باڵاى ئەمنى عێراقییەوە بڵاویکردوەتەوە، هەفتەى ڕابردو هێزەکانى هەسەدە 100 دەستگیرکراوى داعشیان ڕادەستى بەغدا کردوەتەوە و لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و دواتر ڕادەستى لایەنى دادوەرى دەکرێن.
لەلایەکى ترەوە بەرپرسێکى کورد لە ڕۆژئاواى کوردستان بۆ هەمان سەرچاوە ئەو زانیاریانەى ڕەتکردوەتەوە و باسى لەوە کردوە، هیچ کەسێکى عێراقى ڕادەستى دەسەڵاتدارانى بەغدا نەکراوە.
بەپێى راپۆرتێکى نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەرەتاى ساڵى 2019 دەسەڵاتدارانى ئیدارەى کوردى لەسوریا نزیکەى 900 عێراقییان ڕادەستى بەغدا کردبوەوە کە لە کۆتا مۆڵگەکانى ڕێکخراوى داعش لە سوریا دەستگیر کرابوون، تائێستاش 1600ى تر لە گرتوخانەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە دەستبەسەرن.
لە چەند ساڵى ڕابردودا دادگاکانى عێڕاق سزاى لە سێدارەدانیان بەسەر سەدان چەکدارى داعشدا سەپاندووە، بەڵام تەنها ژمارەیەکى کەمى تائێستا جێبەجێ کراون، یەکێک لە هۆکارەکانیش ئەوەیە کە جێبەجێکردنى سزاى لەسێدارەدان پێویستى بە ڕەزامەندى بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارە بەڵام ناوبراو دژى سزاى لەسێدارەدانە و ڕەتیدەکاتەوە واژۆ لەسەر سزاکان بکات.