گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

دارایی پەرلەمان کاتژمێری یەکلاییکەرەوەی بۆ پشکی هەرێم ڕاگەیاند

2021.02.14 - 09:16
App store icon Play store icon Play store icon
دارایی پەرلەمان کاتژمێری یەکلاییکەرەوەی بۆ پشکی هەرێم ڕاگەیاند

ناس کورد-
سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پێش کۆتایی ئەم هەفتەیە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەدرێت، ئەندامێکی لیژنەکەش جەخت دەکاتەوە کە "پشکی هەرێم لە 48 کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی دەکرێتەوە."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

هەیسەم جبوری، سەرۆکی لیژنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراقییە (14ی شوباتی 2021) کە "ناس کورد" بەدواداچونی بۆ کردووە ڕایگەیاند، "لیژنەکە کارەکانی لە بارەی داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021  تەواو کردووە".

 

وتیشی، لیژنەی دارایی لەو ماوەیەدا 46 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە کە بە 500 کاتژمێر مەزەندە دەکرێت و 320 میوانداریی بۆ سەرجەم وەزیرانی دەوڵەت و سەرۆکی دامەزراوەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پارێزگارەکان ودەستەکان و یەکێتییەکان و ئەکادیمییەکان و ئابوریناسان و بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵگا لە کەرتی تایبەت ئەنجام داوە". 

 

جبوری ئاماژەی بەوەشکردووە، "توانیومانە بڕی کورتهێنان لە بوجەکەدا لە 77 ترلیۆن دینارەوە کەم بکەینەوە بۆ 26 ترلیۆن دینار و بودجەی وەبەرهێنانیشمان لە 16%ەوە بەرزکردووەتەوە بۆ 24%".

 

لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا وهەولێر، هەیسەم جبوری دەڵێت، "لیژنەی دارایی بەشێوەیەکی تەکنیکی و پیشەیی دوور لە لایەنی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە کە بۆ یەکەمجار توانیویەتی کۆبوونەوەی نێوان دەستەی کۆنترۆڵی دارایی حکومەتی عێراق وهەرێمی کوردستان ئەنجام بدات وهەموو داتاکان بخاتە ڕوو، و زیاتر لە جارێک میوانداری وەزیری نەوتی کردووە، ئەمەش توانی چەندین بژاردە گەڵاڵە بکات لە پێناو زامنکردنی مافی گەلی عێراق بەشێوەیەکی دادپەروەرانە."

 

لەلایەکی ترەوە، ئەحمەد حاجی ڕشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (14ی شوباتی 2021) دەڵێت، "هەموو بابەتەکانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 تەواو بوون جگە لە پشکی هەرێم کە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا جێگیر دەکرێت و دەخرێتە پڕۆژەیاساکەوە."

 

دەشڵێت، "لایەنە شیعییەکان کێشەیان لەگەڵ پشکی هەرێم هەبووە، لە ئێستادا دانوستانەکان بەردەوامن و پێشبینی دەکرێت لە 48 کاتژمێری داهاتوودا یەکلایی بکرێتەوە."

 

ئەحمەدی حاجی ڕەشید جەختی کردەوە کە "حکومەتی عێراق هیچ کێشە و تێبینییەکی لەگەڵ پشکی هەرێم نییە و ناڕەزایەتییەکە لەناو فراکسیۆنە شیعییەکاندایە."

 

جەخت دەکاتەوە کە پێدەچێت ڕۆژی سێشەممە تەواوی پڕۆژەیاسای بودجە تێپەڕێنرێت.

 

دوێنێ سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، تائێستا حكومەتی عێراق بە فەرمی پێشنیازی ڕادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان نەکردووە و دەڵێت، "لە داهاتوویەکی نزیكدا شاندی باڵای ھەرێم بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكاتەوە."  

  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

  

ئومێد سەباح لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی حزبەکەى کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (13ی شوباتی 2021) کردووە لەبارەى داوای حكومەتی عێراق بۆ ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێم ڕایگەیاند، "تائێستا حكومەتی عێراق بە فەرمی ھیچ پێشنیازێكی لەمشێوەیەی پێشكەش بە ئێمە نەكردووە، كۆمەڵێك پرسیار لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەی شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم كران، لەدوای ڕەزامەنی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت وەڵامی پرسیارەكانمان داوەتەوە، ئەو بابەتە لەناو پرسیارەكان نەبووە".  

  

چوارشەممەى ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بە هیچ جۆرێک ئامادە نین دۆسیەی تەواوەتی نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن.  

  

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند، "كەشێكی ئەرێنی" لە گفتوگۆكانی نێوان ھەرێم و بەغدا ھەیە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندی باڵای حكومەتی ھەرێم بۆ دانوستان سەردانی بەغدا بكاتەوە.  

  

ئومێد سەباح ڕاشیگەیاند، "لە قۆناغی پێشتردا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەمان ئامادە كرد و لێكتێگەیشتنی باش ھاتووەتە ئاراوە، دواتر لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و ھەردوو وەزیرانی دارایی و نەوت كەوتینە گفتوگۆ، ئەو پڕۆژەیاسایەكی لەسەری رێككەوتبووین ئەوەیان رەوانەی پەرلەمانی عێراق كرا، لە قۆناغی سێیەمدا لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق دانوستانمان كرد، تاكو ئێستا كەشێكی ئەرێنی باش لە گفتوگۆكانمان ھەیە، ھەرچی داتا و زانیاری كە ئەوان مەبەستیان بوو پێشكەشمان كردن، ھیواخوازین ھەردوولامان لە چواچێوەی دەستووردا بگەینە رێككەوتنێكی باش".