کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- عەمار عەزیز
لە دوای مانگی ئابی ساڵی 2014ەوە قەزای شەنگال دۆخی ئاسایی بەخۆیەوە نەبینیووە، لەو مانگەدا داعش پەلاماری قەزاکەی دا و سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی، کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیشی کرد، لەدوای ئازادکردنەوەشی هێزە جیاوازەکان ڕێکنەکەوتوون بۆ چۆنیەتی ئیدارەدانی ئەو قەزایە، بۆیە ئێستا هەر بەشێکی شەنگال بەدەست هێزێکی جیاوازەوەیە.
فەهد حامد، کە بە وتەی خۆی لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە وەک قائیمقامی شەنگال دەستبەکاربووە، باس لەوە دەکات هەموو هەواڵێکی داوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات چه‌ندین جار به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی داوای له به‌رپرسانی به‌غدا كردووه كه ئیداره‌ی ئێستای شەنگال بكرێته فه‌رمی، "به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هه‌ر به شێوه‌ی وه‌كاله‌ت كاره‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین".
بە وتەی فەهد حامد، له ئێستادا چه‌ند هێزێكی سه‌ره‌كی له سنوری قه‌زای شەنگال هه‌ن؛ هێزەکانی حه‌شدی شه‌عبی له ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری قه‌زاكه‌دا جێگیرن به‌تایبه‌ت له‌ناوچه‌كانی بلێج و قه‌یره‌وان و تەل قه‌سه‌ب واته ئه‌و ناوچانه‌ی ده‌كه‌ونه سه‌ر سنوری نێوان شەنگال و وڵاتی سوریا. هەروەها له سه‌نته‌ری قەزاکە هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدخان-ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن شانبەشانی پۆلیسی عێراق و سوپای عێراق، له‌گه‌ڵ یەکینەکانی پاراستنی شنگال، کە نزیکن لە هێزی کوردییەکانی سوریاوە.
قەزاى شەنگال یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، قەزاکە له سێ ناحیه پێك هاتووه و 120 کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە، چەکدارانی داعش لە 3ی ئابی 2014 دەستیانگرت بەسەر تەواوی قەزاکەدا و زیاتر له 400 هەزار دانیشتووی شەنگال ئاوارەبوون و بەشێکی زۆریان ڕوویان له پارێزگای دهۆك كرد و لە 17 کەمپیدا نیشتەجێکران.
سەرەڕای ئەوەی فەهد حامد بە وەکالەت قایمقامی شەنگالە، بەڵام یەکێکی دیکەش هەیە کە خۆی بە قایمقامی "شەرعی" شەنگال دەزانێت و لە دووری 170 کیلۆمەترەوە کاروباری قەزاکە بەڕێوەدەبات.
مه‌حما خه‌لیل، کە خۆی وەک "قایمقامی شەرعی" شەنگال دەناسێنێت و ئێستا لە خانوویه‌كدا له قه‌زای سێمێل-ی سەر با پارێزگای دهۆک کاروبارەکانی بەڕێوەدەبات، بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند: "ئێمه ئیدارەی شه‌رعی قه‌زای شنگالین و به ده‌نگی هاوڵاتیان ئه‌م پۆسته‌مان وه‌رگرتووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی روداوه‌كانی 16 ئوكتوبهر و ئه‌و هێزانه‌ی بە ناشه‌رعی كه ئێستا له شنگالدان له قه‌زای سێمێل ده‌وام ده‌كه‌ین."
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە تا ئەو هێزانه له شەنگال بن ناگه‌ڕێنه‌وه، دەشڵێت: "سه‌ره‌رای ئەوەش بۆ یه‌ك رۆژیش كه‌مته‌رخه‌میمان نه‌كردووه به‌رامبه‌ر بە خه‌ڵكی خۆمان كه ئێستا لە پارێزگای دهۆک ئاوارەن."
مەحما خەلیل ڕەخنە لە سەردانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی فالح فەیاز ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ شەنگال دەگرێت و دەڵێت: "ئیشی فالح فه‌یاز ئه‌وه نیه بێته شەنگال و تاتویێ دانانی قایمقامێكی نوێ بكات، ده‌بێت به رێگای یاسا و ده‌ستور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه بكرێت، ئێمه ئیداره‌ی شه‌رعی قهزاكهین و هیچ پێویست ناكه‌ت قایمقامێكی نوێی بۆ دابنرێت، به پێچه‌وانەوە ئەو سەردانە كێشه‌كانی شەنگال ئاڵۆزتر ده‌كات."
حه‌یده‌ر شه‌شۆ فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدخان سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بۆ ناس كورد باس لەوە دەکات کە هێزەکەی ئەوان لە هەزار پێشمەرگە پێکهاتووە و بە فەرمی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێزەکەیان بۆ سێ هەزار پێشمەرگە زیادبکرێت، "بەڵام تا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە ڕازی نەبووە و چاوەڕێی ئەوان دەکەین."
"بەپێی زانیارییەکانم هێزەکانی حەشدی شەعبی و یەبەشە لە قەزای شەنگال نامێنن، ئەوانەی ئێستا لەناو ئەو هێزانەدان دەکرێن بە پۆلیس سەر بە حکومەتی عێراق، بەڵام نازانم کەی ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە،" حەیدەر شەشۆ وادەڵێت، هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ئەو پێی باشە هێزێکی نوێ لەو کەسانە دروست بکرێت کە بەرگرییان لە شەنگال کردووە، ئەو هێزەش ڕەزامەندی هەردوو حکومەتی بەغدا و هەولێری هەبێت و ببێتە تاکە هێزی شەنگال.
ئەو فەرماندەیەی ئێزدیخان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە خەڵکی شەنگال بەدەست دوو ئیدارەییەوە گیریان خواردووە، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستە ئیدارەیەکی نوێ دروست بکرێت بە ڕەزامەندیی هەموو لایەک "تا شەنگالییەکان دڵنیابن لە پاراستنی خۆیان و خزمەتکردنی ناوچەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان."