کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد- شەهرام عەزیز فەرید ئەسەسەرد ڕایگەیاند، ئەگەر پارتی بەبێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت و وەزارەتەکانیان بەبەتاڵی بۆ جێبهێڵێت، ئەوا تا کۆتایی بە بەتاڵی دەمێنێننەوە و دەشڵێت: "ئەگەری سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی لە هەرێم هەیە". . ئەمڕۆ سێشەممە 28ی ئایاری 2019 دەنگدان بە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بەبێ فراکسیۆنی یەکێتی و نەوەی نوێ بەڕێوەچوو و نێچیرڤان بارزانی بە 68 دەنگ بە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرا، وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی پارتی لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ یەکێتی پەشیمان بووەتەوە بەشداری دانیشتنەکەیان نەکردووە. . فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "پارتی لە ڕێککەتنەکەی لەگەڵ یەکێتی تایبەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و پۆستی وەزیری دادی عێراق پەشیمانبووەتەوە و بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبوو لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمدا هەنگاوەکانى دانانی پارێزگاری کەرکوکیش دەستیپێبکردایە، بەڵام پارتی نایەوێت جێبەجێی بکات". . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە بەشێکی جێبەجێنەکردنی ڕێكکەوتنەکە، تایبەتە بە کێشەی ناوخۆیی پارتی و وتی: "بەشێکی ناو پارتی دەیانویست ئەو دۆخە بخوڵقێت و نێچیرڤان بارزانی بە دەنگێکی کەم ببێتە سەرۆکی هەرێم، بۆ ئەوەی بە لاوازی دەربکەوێت و کێشەی بۆ دروست ببێت". . سەبارەت بە هەڵوێستی یەکێتی لە ئەگەری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و هێشتنەوەی پشکەکانی یەکێتی بە بەتاڵی تا گەیشتنە ڕێککەوتن، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر پارتی هەنگاوێکی وا بنێت بەبێ یەکێتی، ئەوا ئەو وەزارەتانە هەر بە بەتاڵی دەمێننەوە و دەبێت پارتی خۆی پڕیان بکاتەوە، چونکە یەکێتی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم دەکات. . لەبارەى سەرهەڵدانی دوو ئیدارەیی لە هەرێم، سەرکردەکەی یەکێتی باسی لەوەکرد، یەکێتی تا ئێستا بیری لە دوو ئیدارەیی نەکردووەتەوە و لەگەڵیدا نەبووە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا ئەگەری ڕوودانی هەموو شتێکی لێدەکرێت. . فەرید ئەسەسەرد ڕاشیگەیاند، ئێستا پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی بە بنبەست گەیشتووە، ئەگەر پارتی پێش دەستکردن بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئامادەبێت ڕێککەوتنی تایبەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی داد جێبەجێبکات، ئەوکات قسەیەکی دیکەیان دەبێت و بەشداری حکومەت دەکەن، بەپێچەوانەوە بەهیچ شێوەیەک بەشداری حکومەت ناکەن. . یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان پاش زیاتر لە شەش مانگ لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزارەتی دادی عێراق، بەڵام ڕووداوەکانی ئەمڕۆ پێدەچێت سەرجەم ڕێککەتنەکانی نێوان ئەو دوو حزبە بگەڕێنێتەوە خاڵی سفر. . .