گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بودجە و موچە

وادەیەکی نوێ بۆ تێپەڕاندنی بودجە.. ئەى پشکی هەرێم؟

2021.02.13 - 09:15
App store icon Play store icon Play store icon
وادەیەکی نوێ بۆ تێپەڕاندنی بودجە.. ئەى پشکی هەرێم؟

ناس کورد-

ئەندامێکى کوردی لیژنەى ئابورى و وەبەرهێنان لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 تێدەپەڕێنرێت و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش داوا دەکەن پڕۆژەیاساکە بەزۆرینەى پەسەند بکرێت لە ئەگەرى بەردەوامى کێشەکان لەسەر پشکى هەرێم.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵیی عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، مەیادە نەجار، ئەندامى کوردی لیژنەى ئابورى و وەبەرهێنان (13ى شوباتى 2021) ڕایگەیاندووە، تا ئێستا کەشوهەوایەکى ئەرێنی باشە هەیە بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە



ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، دواى نزیکەى مانگێک کۆبوونەوە لەسەر پڕۆژەکە، ڕێککەوتن لەسەر ناوەڕۆکەکەى هەیە و تەنها لەسەر پشکى هەرێم ماوە ڕێککەوتن بکرێت.



نەجار دەشڵێت، ئەگەرى ئەوە هەیە ڕۆژى دووشەممە یاخود سێشەممەى ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە و تێپەڕێنرێت.

 

هاوکات پەرلەمانتارێکى دەوڵەتى یاسا ڕایگەیاند، سازانێکى پەرلەمانى و حکومیى بۆ تێپەڕاندنى بودجە لەئارادایە و پشکى هەرێمى كوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە چارەسەر دەكرێت.



عەبدولئیلا نائیلى، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا (12ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ڕایگەیاند، سازانێکى پەرلەمانى و حکومیى بەمەبەستى تێپەڕاندنى پڕۆژە بودجەى 2021 هەیە بۆ ئەوەى هەفتەى داهاتوو بخرێتە دەنگدانەوە و هەردوو لایەنى پەرلەمانى و حکومی لەسەر زۆر بەندى بودجەکە ڕێکەوتوون.



لەبارەى هەرێمى کوردستانیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیکردەوە، هێشتا دانوستانەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا بەردەوامە بەڵام بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنى تەواو ئاستەمە و دەشبێت ئەو پرسە لەبەندێکى بودجەکەدا چارەسەر بکرێت.



ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، ئەو بەندەى هەرێمى کوردستان پابەند دەکات بەڕادەستکردنى نەوت بەکۆمپانیاى سۆمۆ هەروەکو پارێزگاکانى ترى بەرهەمهێنەرى نەوت.



پێشتریش محەمەد شەبەکى ئەندامى لیژنەى دارایى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، دیاریکردنى کاتى دەنگدان لەسەر بودجەکە پشتدەبەستێت بە یەکلایى کردنەوەى ناکۆکییەکانى نێوان هەرێم و فیدراڵ لەسەر پرسى دارایى و نەوت لەنێوان هەردوولادا.