گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

حەوت لە دەستگیرکراوانی بادینان بە تۆمەتی ’’تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی’’ دادگایی دەکرێن

2021.02.11 - 21:10
App store icon Play store icon Play store icon
حەوت لە دەستگیرکراوانی بادینان بە تۆمەتی ’’تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی’’ دادگایی دەکرێن

ناس کورد-

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو حەوت دەستگیرکراوی سنوری بادینان بەتۆمەتی مەترسیی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی لە هەولێر دادگایی بکرێن و پارێزەرێک دەڵێت، پێنج لەو کەسانە دانپێدانیان لێوەرگیراوە، بەڵام نازانن لەژێر ئەشکەنجەدا بووە یاخود نا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

ماوەی شەش مانگە لە سنوری بادینان ژمارەیەک چالاکوان و ڕۆژنامەنوس و خۆپیشاندەر دەستگیرکراون کە ژمارەیان 76 کەسە و تاوەکو ئێستا دادگایی نەکراون و چارەنوسیان نادیارە.

 

دوێنێ (چوارشەممە 10ی شوباتی 2021) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەو دەستگیرکراوانە ڕایگەیاند، "بەشێک لەو کەسانە سیخوڕی وڵاتانی دیکە بوون، یاخود هەوڵی تەقاندنەوەی بینا و کوشتنی کەسانی بیانیان داوە، بەڵام لەژێر ناوی ڕۆژنامەنوس و چالاکواندا خۆیان ناساندووە."

 

پارێزەرێکی ئاگادار لە کەیسی ئەو دەسگیرکراوانە بە "ناس کورد"ی وت، بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 15ی شوباتی 2021، حەوت کەس لەو دەستگیرکراوانە بەتۆمەتی "مەترسی بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی" لە هەولێر دادگایی بکرێن کە دوو کەسیان هەریەک لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانین.

 

وتیشی، ئەو حەوت کەسە، پێنج کەسیان بە کەیسێک و دوو کەسی دیکەشیان بە کەیسێکی دیکە دادگایی دەکرێن، واتە کەیسەکانیان جیاکراوەتەوە.

 

بەوتەی ئەو پارێزەرە کە بەهۆی هەستیاری دۆخەکەوە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، "پێنج کەسەکە کە پێکەوە دادگایی دەکرێن دانیانپێدانیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین دانیان بە چیدا ناوە، لەگەڵ ئەوەشدا دیارنییە ئاخۆ لەژێر فشار و ئەشکەنجەدا دانپێدانیان لێوەرگیراوە یاخود نا، دوو کەسەکەی دیکەش دانیان بە هیچ شتێکدا نەناوە."

 

ناس کورد زانیویەتی، یەکێک لە دوو کەسەکەی دیکە کە دانیان بە هیچ شتێکدا نەناوە، مامۆستا بەدەل بەروارییە، بەڵام نەتوانرا ئەوە پشتڕاستبکرێتەوە کە ڕۆژنامەنوس، شێروان شێروانی لەکام دەستەیەدایە.

 

سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ئەو پارێزەرە باسی لەوەکرد، هەموو تۆمەتبارێک تاوەکو دادگایی دەکرێت و تۆمەتەکەی بەسەردا ساغ دەبێتەوە بێتاوانە و سەرۆکی حکومەت پێش بڕیاری دادگا کەوت لە لێدوانەکەیدا کە نەدەبوو هیچ کەس تاوانبار بکات.

 

ناس کورد پەیوەندیکرد بە کەسوکار و پارێزەری چەند دەستگیرکراوێکەوە، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون بە ئاشکرا لێدوان بدەن و ڕایانگەیاند، "کە دەترسن لێدوان بدەن و کەیسی کەسوکاریان قورستر بێت، بۆیە لەئێستادا بێدەنگی هەڵدەبژێرن."