گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

دارایى پەرلەمان دوایین زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات 

2021.02.11 - 14:10
App store icon Play store icon Play store icon
دارایى پەرلەمان دوایین زانیاری لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات 

ناس کورد-

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق باس لە ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەکات و گۆڕانکاری و زیادکردنی بڕگەیەک لە پرۆژە یاسای بودجە لە بەرژوەندی هەرێمی کوردستانیش ڕەتدەکاتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق (11ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند "گفتوگۆکان لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی حکومەتی عێراق بەردەوامە و ئەوەشی دەوترێت گۆڕانکاری لە بڕگەیەکی پرۆژەکە کراوە لە بەرژوەندی هەرێمی کوردستان ڕاست نییە و پرۆژە یاساکە هەمان ئەو پرۆژەیەیە کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق کراوە و هیچ بڕگەیەک زیاد نەکراوە و گۆڕانکاریشی تێدا نەکراوە".

 

سەبارەت بە دوایین هەڵوێستی لایەنە شیعییەکان لەسەر ناردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم وتی "تا ئێستاش داواکارییەکانیان ڕوون نییە و نازانین داوای چی دەکەن".

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانى عێراق لەبارەی وادەی گەڕانەوەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆکان لەبارەی پرۆژە یاساکە ئاشکرای کرد، هیچ وادەیەک بۆ هاتنی شاندی هەرێم بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، ئەگەر بێنەوە سودی نییە چونکە هێشتا داواکارییەکی ڕوون نییە تاوەکو گفتوگۆ و دانوستانی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەش دەبێت لایەنە شیعییەکان داواکارییەک بخەنە ڕوو ئەو کات شاندەکە بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەسەری.

 

جەختیشى کردەوە "لایەنە شیعییەکان جۆرێک لە نەرمییان پێوە دیارەو وەکو پیشتر مامەڵە ناکەن". 

 

پێشتر لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە، باس لەوە دەكات لەپاش 45 كۆبوونەوە و 500 كاتژمێر كاركردن و 300 میوانداریكردن  "بەشێوەیەكی هونەری و پیشەیی باسی پەیوەندی ناوەند و هەرێممان كردووە، دوور لە ڕەهەندی سیاسی".   

 

هەروەها دەڵێت "كورتهێنانی بودجەمان كەم كردووەتەوە بۆ 19% و یەدەگی دراوی نەختینەییمان پاراستووە".   

 

جەخت لەوەش دەكاتەوە "مافی گەلی عێراقمان بەشێوەیەكی دادگەرانە مسۆگەر كردووە كە جێگەی ڕزامەندی بێت".   

 

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکیش کە دەست "ناس کورد" کەوتووە ( 10ی شوباتی 2021 ) حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارانەی داوەتەوە کە لەنوسراوی ژمارە 1821 ی لیژنەی دارایی  پەرلەماندا هاتووە لە 26 ی کانوونی دوومی 2021 بەم جۆرەی خوارەوە :    

  

یەکەم- سەرەتا سەبارەت بەو ئامادەباشیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکاندا، حەزدەکەین ئەوە بخەینەڕوو، کە حکومەتی هەرێم هەر لەئێستاوە دەستیکردووە بەپێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکانی و کەناڵەکانی دانوستانی لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت وەک بەشێک لەبەرنامەی چاکسازی لەکەرتی نەوت دەست پێکردووە.    

  

دووەم - حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە تەواوی هەناردەی نەوت ڕادەست بکات، بەمەرجێک حکومەتی فیدراڵ خۆی پەیوەست بکات بە هەموو پابەندە نەوتییەکانەوە، وەک  تێچوونی بەرهەمهێنان ،گواستنەوە، عەمبارکردن و ئەو  قەرزانەی کە پەیوەستن بە دۆسیەی نەوتەوە .    

  

سێیەم - سەبارەت بەکارەکانی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و وردبینی داتاکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە  لەسەر ئەوەی کە ڕێگری ناکات لە ئەنجامدانی هەموو وردبینییەکانی داتاکانی بەپێی ئەو میکانیزمەی کە لە ماددەی 34، بڕگەی دووەم، بڕگەی ب لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی ژمارە 6ی ساڵی 2019دا هاتووە.     

 

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێڕاق (چوارشەممە، 10ى شوباتى 2021) لەمیانەى ڤیدیۆیى ڕاستەوخۆ کە لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک بڵاویکردەوە و "ناس کورد" بینیوویەتى رایگەیاند،  گفتوگۆکانی کۆتایی لەسەر بودجەى 2021 دەکەونە هەفتەی داهاتوو، هێشتا ماددەی یازدە یەکلانەبۆتەوە و لەبەردەم چەند پێشنیارێکدایە.    

 

  ئاماژەى بەوەشدا، زۆرینەیان لە چوارچێوەی ئەو دەقە دەخولێنەوە  کە 250 هەزار بەرمیل نەوت یاخود داهاتەکەی لە هەرێم داوا دەکات، تەنها دارشتنەکان جیاوازن، بە درێژایی 45 رۆژ کۆبونەوە ڕێگەمان نەداوە هیچ بڕگەیەکی نادەستوری دژی هەرێم لە ڕەشنوسی یاسای بودجەدا دابنرێت.    

  

ئەندامەکەى لیژنەى دارایى جەختیلەوەشکردوەتەوە، چەندین برگەیان لە بەرژەوەندی هەرێم و لە چوارچێوەی مافە دەستوریەکاندا جێگە کردۆتەوە، هەر کەس لێدوانی بەرپرسانی باڵای حکومەتی هەرێم ببیستێ و ببینێ دەزانێ جدی نین لە ڕێکەوتن و پابەند بون.    

 

باسى لەوەشکردووە، ئەو گروپەی داکۆکی لە سیاسەتی هەڵەی نەوتی هەرێم دەکەن خەمی گیرفانی خۆیانە نەک هەرێمی کوردستان، هەندێکیان ئامادەن هەموو هەرێم بکەنە قوربانی نەوت و نەوتیشیان تەنها بۆ بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەى خۆیان دەوێت.