گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان لەسەر شەڕەکەی تاسڵوجە ڕوونکردنەوە دەدات

2021.02.10 - 13:06
App store icon Play store icon Play store icon
بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان لەسەر شەڕەکەی تاسڵوجە ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد-

ئیسماعیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان ڕایگەیاند، ئەوەى بڵاوکراوەتەوە کە شەڕەکەی بازگەی تاسڵوجە لەسەر سکاڵایەکی ئەو بووە هەڵەیە و دوورە لە ڕاستییەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

ئیسماعیل ئەحمەد لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی وت، "ئەو بابەتە دور و نزیک پەیوەندی بە منەوە نییە، ئەوەى لە میدیاکان ناوی من هاتووە هەڵەیە و دورە لە ڕاستییەوە."

 

وتیشی، "ئەوەی دەوترێت بەڕێوەبەری ناحیەیەکی تری ناوچەکەیە نەک من."

 

پێشتر وا باس کرا کە پێنج پێشمەرگەی سەر بە هێزەكەی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکى هەرێمی کوردستان لە ڕێگای چەمچەماڵ-سلێمانی دەستیان شكاندووەتەوە بەسەر سەر ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبەری ناحیەی بازیان، بەڵام لەئێستادا دەرکەوتووە کە ئەوە بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیەیە نەک بازیان.

 

دوای ڕووداوەکە، حاكم مەمەند، بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە کە گەیشتووەتە بازگەی تاسڵوجە ئاساییشی بازگەكەی ئاگاداركردووەتەوە كە ئۆتۆمبێلێك لە ڕێگا دەستی شكاندووەتەوە سەری و شەڕیان پێفرۆشتووە، ئەوانیش ڕێگەیان بە ئۆتۆمبێلەکە گرتووە و داوای ناسنامەیان لێ کردوون، بەڵام کاتێک ڕەتیان کردووەتەوە ناسنامە بدەنە بازگەکە، بووەتە شەڕ لەنێوانیان.

 

هاوکات سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری هەماهەنگی فریاکەوتنی سلێمانی بە ناس کوردی وت، یەكێك لە بریندارانی شەڕەكەی بازگەی تاسڵوجە گیانی لەدەستدا.

 

وتیشی، ”كوژراوەكە ناوی شاخەوانە و تەمەنی 30 ساڵە و ئاسایشی بازگەكە بووە.”

 

جەختی كردەوە كە باری تەندروستی سێ بریندارەكەی تر جێگیرە.”

 

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە بازگەی تاسڵوجە شەڕ لەنێوان هێزی ئاسایش و هێزێکی سەر بە جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکى هەرێمی کوردستان دروستبووە و ژمارەیەک برینداری لێ کەوتووەتەوە.

  

ئەو سەرچاوەیە بەهۆی هەستیاری دۆخەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ناس کوردی وت، "ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایش بریندار بوون و هۆکارەکەشی دیار نییە."