گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی عێراق: پشکی هەرێم لە بودجە یەکلایی دەکرێتەوە

2021.02.09 - 20:22
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی عێراق: پشکی هەرێم لە بودجە یەکلایی دەکرێتەوە

ناس کورد-

وتەبێژى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژى داهاتوودا بابەتی پشکى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەیاساى بودجەی ساڵی 2021دا یەکلایى دەکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

حەسەن نازم لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیی هەفتانەیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی (9ى شوباتى 2021) ڕایگەیاند، لیژنەى دارایى پەرلەمان چەندین گۆڕانکارى لە پرۆژەیاساکەدا کردووە و چەند مادەیەکیان زیاد کردووە.

 

ڕوونیشی کردەوە، "تائێستاش کێشەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى کوردستان ڕێگرن لە تێپەڕاندنى بودجە، ئەنجومەنى وەزیران دانانى پشکى هەرێمى لە پڕۆژەیاساکەدا یەکلایى کردووەتەوە ئەوەش بەپێى ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا، هەروەها هەرێمیش ڕەزامەندى داوە لەسەر مەرجەکانى تایبەت بە یاساى قەرزى ناوخۆیى."

 

وتەبێژى ئەنجومەنى وەزیرانى عێڕاق جەختی کردەکە لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دۆسیەی پشکى هەرێمى کوردستان لە پرۆژەیاساکەدا یەکلایى دەکرێتەوە.

 

حکومەتى عێراق بە قەبارەى 164 ترلیۆن دینار خەرجى و کورتهێنانى 76 ترلیۆن پرۆژەیاساى بودجەى پێشکەشى پەرلەمان کرد، بەڵام دواى گۆڕانکاریەکانى لیژنەى دارایى قەبارەى بودجە کەمکرایەوە بۆ 130 ترلیۆن و کورتهێنانى 25 ترلیۆن دینار.

 

دوێنێ دووشەممە ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاشکرایکرد، لە 48 کاتژمێرى داهاتوودا لەنێوان دوو بژاردەدا یەکێکیان یەکلایی دەکرێتەوە بۆ چارەسەرى کێشەى نەوت و پشکى هەرێم لە بودجە.

 

ناجى سەعدى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵى "UTV"ى عێراقى کە "ناس کورد" بینیویەتى ئاماژەى بەوەکرد، ئێستا چەند بژاردەیەك هەن بۆ چارەسەرى کێشەکە، یەكێك لەوانە سەرپەرشتی بەغدایە بە هاوبەشی لەگەڵ هەرێم بۆ دۆسیەی نەوت، بژاردەی دووەمیش ناردنی 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتە لەلایەن هەرێمەوە بۆ سۆمۆ، ئەو نەوتەی تری کە هەرێم دەینێرێت بۆ هەقدەستی كۆمپانیاكان دەمێنێتەوە.

 

بەوتەى ناجى سەعدى، ئەوە یەكەمجار بووە بەو شێوەیە شاندی هەرێم بێن و كۆمەڵێك دانیشتنی مێژویی كراون، لایەنەکانیش سنگ فراوان بوونە لەگەڵیان، شاندی هەرێم داتای وردی هێناوە و ئێستا لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.

 

روونیشکردووەتەوە کە "شاندی كوردی هەموو داتایەكی راستەقینەیان هێنا و شتێكی میژویی بوو لەبارەى ئەرك و ماف، پێموایە ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت و پشت بەخوا لە دوو ڕۆژی تر هەمووشت یەكلایی دەبێتەوە، گەشبینم کە ڕێككەوتن بكرێت".


لە ئێستادا لیژنەى دارایی بەشى زۆرى گۆڕانکارییەکانى بودجەى تەواوکردووە و چاوەڕوانى چارەسەرکردنى کێشەى تایبەت بە نەوت و بودجەى هەرێمە بۆ ئەوەى پڕۆژەکە لەپەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت.

 

لاى خۆیەوە، مەسعود حەیدەر راوێژکارى مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى رایگەیاند، شاندى هەرێم 500 لاپەڕە داتاى داوەتە بەغدا، لەناویاندا داتاکانى دیلۆیت و بایۆمەتری.