ناس کورد-
سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر ڕایگەیاند، بە فەرمى داوایان لە فراکسیۆنەکانى یەکێتى و گۆڕان نەکردووە دەنگ بە ئومێد خۆشناو بدەن بۆ پارێزگار، هەروەک چۆن بۆ فرسەت سۆفیش داوایان لێنەکردبوون.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ دووشەممە (8ی شوباتی 2021)، ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر پرسی هەڵبژاردنى پارێزگارى نوێی خستە دەنگدانەوە، دواى زیاتر لە دوو مانگ لە کۆچى دوایی فرسەت سۆفى پرێزگارى پێشوو.
سێ کەس خۆیان بۆ وەرگرتنى پۆستەکە کاندیدکرد بوو کە بریتی بوون لە (ئومێد خۆشناو کاندیدى پارتى، سەدرەدین قادر و ئومێد پاڵانی)، بەڵام ئومێد خۆشناو توانى لەکۆى 23 ئەندامى ئەنجومەن کە بەشدارى کۆبوونەوەکە بوون 18 دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە پارێزگار.
کەنعان خەیلانى، سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر (8ی شوباتی 2021) لە لێدوانێکیدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، لەگەڵ فراکسیۆنەکانى گۆڕان و یەکێتى بەفەرمى کۆنەبوونەتەوە بۆ ئەوەى پێیان بڵێن دەنگ بە کاندیدەکەیان بدەن بۆ پۆستى پارێزگار، هەرچەندە پێیان خۆش بوو سەرجەمیان پێکەوە بوونایە لەو پڕۆسەیەدا.
ئەو دەنگانەى ئومێد خۆشناو بەدەستیهێنا، دەنگى ئەندامانى پارتى و پێکهاتەکان بوون لە ئەنجومەنى پارێزگا لەگەڵ دەنگى ئەندامێکى جیابووەوە لە فراکسیۆنى یەکێتى، بەڵام ئەندامانى یەکێتى دەنگیان پێنەدا و هەر سێ فراکسیۆنى کۆمەڵ و گۆڕان و یەکگرتووش بایکۆتى کۆبوونەوەکەیان کرد.
فرسەت سۆفى و ئومێد خۆشناو هەردووکیان لەلایەن پارتىیەوە کاندیدکرابوون بۆ وەرگرتنى پۆستى پارێزگار لەدوو کاتى جیادا، بەڵام یەکەمیان توانى لەکۆى 28 ئەندامى بەشداربووى کۆبوونەوەى ئەنجومەن بۆ هەڵبژاردنى پارێزگار 27 دەنگ مسۆگەر بکات، دووەمیشیان توانى تەنها 18 دەنگ مسۆگەر بکات.
فرسەت سۆفى کە لە ئەیلولى 2019 بە پارێزگار هەڵبژێردرا، ئەوکات توانى دەنگى فراکسیۆنەکانى یەکێتى و گۆڕان مسۆگەر بکات، بەڵام ئومێد خۆشناو تەنها دەنگى پارتى و پێکهاتەکان و ئەندامێکى جیابووەوەى یەکێتى بەدەستهێنا.
کەنعان خەیلانى وتى، "لەکاتى هەڵبژاردنى فرسەت سۆفیش بە پارێزگار، ئێمە داواى لەو شێوەیەمان لەو فراکسیۆنانە نەکردبوو".
هەروەها جەختیکردەوە، پێیان وابووە هەر فراکسیۆنێک ئازادە لەوەى دەنگ بە کێ دەدات، بۆیە داوای دەنگیان لێنەکردووە، جگە لە پێکهاتەکان کە ئەوان رێککەوتنیان لەگەڵیاندا هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
"ئەو پرسە تەشەنوج دروست ناکات کە کێ دەنگینەداوە بە پارێزگار، گرنگ ئەوەیە پێکەوە کاربکەین"، کەنعان خەیلانى وایوت.
گۆڕان و پارتى کە لەگەڵ پارتیدا هاوبەشن لە حکومەتى هەرێم، هۆکارى دەنگنەدانیان بە ئومێد خۆشناو دەگەڕێننەوە بۆ کارکردنى پارتى لە ئەنجومەن بە زۆرینە و کەمینە.
دلێر حسێن، ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر لە فراکسیۆنى گۆڕان بە "ناس کورد" ى راگەیاند، دەنگدانیان بە فرسەت سۆفى بۆ پارێزگار لەساڵى 2019 هۆکارەکەى پیشادانى نیاز پاکى بووە لەلایەن گۆڕانەوە بۆ هاوبەشیان لە حکومەت و پارێزگاکان، بەتایبەت کە تازە کابینەى نوێ دەستبەکارببوو.
وتیشى، "هەستمان کرد ئەو نیاز پاکییە ئیستیغلال کراوە، بۆیە ئامادەنەبووین دەنگ بە کاندیدەکەى پارتى بدەین بۆ پارێزگار".
تا ئێستا دیار نییە دەنگنەدانى زۆربەى فراکسیۆنەکان بە ئومێد خۆشناو کاریگەرى دەبێت لەسەر بەرنامەى کارکردنى یاخود نا، بەڵام پێش دەستبەکاربوونى جەختیکردەوە هەر کەسێک بەشداری کۆبوونەوەکە نەکات ئاساییە و پرۆسەکە دیموکراسییە.
ڕێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەدانیشتنى تایبەت بە هەڵبژاردنى پارێزگار، هیواى خواست ئومێد خۆشناو بە یەک چاو سەیری سەرجەم لایەنەکان و خەڵکی شاری هەولێر بکات.
بێرکۆتی وتیشى، "وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پێمانوایە کە دەنگدان بەم پۆستانە بە ڕێککەوتن بێت، نەوەک بە زۆرینە و کەمینە."