گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواکاری بەڕێوەبەری پەروەردەیە

سەرپەرشتیاران سەردانی قوتابخاکان زیاتر دەکەن

2021.02.08 - 18:43
App store icon Play store icon Play store icon
سەرپەرشتیاران سەردانی قوتابخاکان زیاتر دەکەن

ناس کورد-

بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی و سەرپەرشتیاری یەکەمی ئامادەییەکان لەگەڵ سەرپەررشتیارانی کارگێڕی خوێندنگە ئامادەکاییەکان کۆبوونەوەو داوایانکرد سەردانیکردن بۆ قوتابخانەکان زیاتر بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی لە پەیجی فەرمی خۆی"فەیسبووک" کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (8ی شوباتی 2021) ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ مامۆستا بەکر محەمەد بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاواو مامۆستا سەردار حەمەڕەشید سەرپەرشتیاری یەکەمی ئامادەیی، لەگەڵ سەرپەرشتیارانی کارگێڕی خوێندنگە ئامادەییەکان کۆبوونەتەوەو باسی دەستپێکردنەوەی خوێندن و چۆنێتی هەماهەنگی کردن لەگەڵ بەڕێوەبەرو مامۆستایاندا كراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەلایەن سەردار حەمەڕەشید سەرپەرشتیاری یەکەمی ئامادەیی داوا لە سەرپەرشتیاران کراوە سەردانی مەیدانی خوێندنگەکان زیاد بکەن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان بدەن و چاودێری ئاستی زانستی خوێندکاران بکەن و بۆ ئەوەش سەرپەرشتیاران ڕاو سەرنجی خۆیان بۆ زیاتر پێشخستنی پرۆسەی خۆێندن خستەڕوو.

 

بەپێی زانیارییەکان "ناس کورد" پێشتر لە کۆبوونەوەی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکان داواکراوە هاوڕێی ڕەخنەگر بەردەوام سەردانی قوتابخانەکان بکات، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەکان نیگەرانی هەبووە لەوەی کە لەم دۆخەدا ناکرێت ڕەخنە لەئیدارەی قوتابخانەکان بگیرێت و داواکرابوو هاوکارییان بن لە پێشخستن سەرخستنی خوێندنی ئەمساڵ.

 

لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 3ی شوباتی 2021 بڕیاریدا دەستپێکردنەوەی خوێندن لە قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی تاوەکو 11ی ئامادەیی لە 1ی ئادارەوە پێشبخرێت بۆ 7ی شوبات کە پێشتر لەلایەن لیژنەکەوە بڕیاری لێدرابوو بۆ ئەوەش وەزارەتی پەروەردە بە نوسراوی ژمارە 55 لە ڕیککەوتنی 3ی 2ی 2021 کە ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، گەرمیان)ی کردووە.

 

لە یەکەم خاڵدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر ئاستی قوتابخانەکان لیژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێکدەهێنرێت و لیژنەکە لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانە سەرۆکایەتی دەکرێت و ئەندامەکانیشی لەلایەن یاریدەدەری قوتابخانەو مامۆستایەک و رێنمایی کاری قوتابخانە پێکدەهێنریت و لەلایەن هاوڕێی ڕەخنەگرەوە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆ دەکرێت و ڕاپۆرتی لیژنەکە پێشکەشی هاوڕێی ڕەخنەگر دەکرێت.

 

کاری لیژنەکەش بەدواداچوونە بۆ ڕێککارە تەندروستییەکان و تەندروستی قوتابیان و خویندکاران و دیاریکردنی ئەوکەسانەی پێشتر توشبووی کۆرۆنا بوون خۆیان و خێزانەکانیان بەرزکردنەوەی پێشنیاری لیژنەکە بۆ هاوڕێی ڕەخنەگرو لەوێشوە بۆ بەڕێوەبەری پەروەردەکان بۆ داخستنی پۆلێکی قوتابخانە ئەگەر توشبووی تێدابوو کە لەسەر پێشنیاری لیژنەکە داوایکراوەو جگە لەوەش بۆ داخستنی قوتابخانەیەک کە توشبووی زۆری هەبێت بەهەمان شێوە لەلایەن لیژنەکەوە پیشنیارەکە دەدرێتە هاورێی ڕەخنەگرو لەوێشوە بۆ پەروەردەی قەزاکان و دواتر بۆ بەڕێوەبەری گشتی و ئیدارە سەربەخۆکان لەبارەی داخستنی ئەو قوتابخانەیە.