ناس کورد-
کچە لاوێکی شاعیر بە نازناوی "هەنسک" لە مەریوان بەهۆی وتنی شعری نیشتیمانی و نەتەوەیی لە بەرنامەی تەلەفزیۆنیدا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا و ئەشکەنجە کراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، "ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو 4ی شوباتی 2021، ئارەزوو مستەفایی، شاعیر و نووسەری خەڵکی مەریوان بە نازناوی "هەنسک" لە رێگای هەڕەشەی تەلەفۆنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگ کراوە و دواتر دەستگیرکراوە.
لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی، ئەو رێکخراوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئارەزوو مستەفایی پاش بەشداری لە بەرنامەی کەناڵەکانی " کوردکاناڵ، ئاریەن تی ڤی و ستێرک تی ڤی" بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و دەستبەسەر کراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئارەزوو رۆژی پێنجشەممە پاش چوون بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کراوە و لەدوای سێ رۆژ و پاش وەرگرتنی بەڵێننامە بەوەی کە ئیتر بەشداری لە بەرنامەی کەناڵە کوردییەکان خۆی ببوێرێ و سرودی نیشتمانی نەڵێتەوە، ئازاد کراوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئارەزوو لە کاتی دەستبەسەرکران بە توندی کەوتووەتە بەر لێدان و کوتانی لێکۆڵەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە شێوەیەک کە ئاسەواری شین بوونەوە بە دەست و دەموچاویەوە دەبینرێت.
پێشتریش و سێ ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئارەزوو لە پۆلی دووی ناوەندیدا بوو، بە هۆی خوێندنی سرودێک لە ژێر ناوی "وەتەن" لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کرابوو و بەشێوەی زارەکی بەڵێنییان لێ وەرگرتبوو کە چیتر لەو بوارەدا چالاکی نەبێت.
ئارەزوو مستەفایی لە دایکبووی ساڵی 2004 و خەڵکی شاری مەریوانە و بە زمانەکانی کوردی و فارسی شێعر و چیرۆک دەنوسێت و ئێستا لە قۆناغی ئامادەیی سەرقاڵی خوێندنە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئاماژەی بەوەکردووە، دەستبەسەرکرانی ناوبراو بە تەواوی نایاساییە و لێپرسینەوی منداڵی ژێر 18 ساڵ تەنانەت دژی یاسا نێوخۆییەکانی خودی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشە.