گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشبینییەک بۆ وادەى دەنگدان لەسەر بودجە

لایەنە شیعیەکان بژاردەى خۆیان لەبارەى نەوت و بودجەى هەرێم ’یەکلایی دەکەنەوە’

2021.02.07 - 23:11
App store icon Play store icon Play store icon
لایەنە شیعیەکان بژاردەى خۆیان لەبارەى نەوت و بودجەى هەرێم ’یەکلایی دەکەنەوە’

ناس کورد-

ئەندامێکى کوردى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق پێشبینیدەکات لەدوو رۆژى داهاتوودا ماددەکانى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە یەکلایی بکرێتەوە، دواى ئەوەى هێزە شیعییەکان لەسەر بژاردەیەک رێکدەکەون و رادەستی لیژنەکەى دەکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ماوەى چەند هەفتەیەکە ماددەکانى پەیوەست بە پشکى کورد و نەوت و چەند کێشەیەکى دیکە، بوونەتە بەربەست لەبەردەم گفتوگۆکانى لیژنەى دارایی لەسەر پڕۆژەى بودجە، دواى ئەوەى بەشێک لەلایەنەکان پێشنیازى دیکەیان لەو بارەیەوە پێشکەشکرد، جیاواز لەو رێککەوتنەى هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا کە لە پڕۆژەکەدا جێگیرکراوە.

 

شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد" ى راگەیاند، ئەندامانى کورد و مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران بەرگرى لەو رێککەوتنە دەکەن کە لە بودجەدا جێگیرکراوە، ئەگەریش هێزە شیعەکان ئەوەیان پێ قبوڵ نییە با دەقێک ئامادە بکەن تا گفتوگۆى لەسەر بکەن.

 

وتیشى "لەناو لایەنە شیعییەکاندا پێشنیارى جۆراوجۆر هەیە، بەڵام ئێستا نزیکن لەوەى بگەنە پێشنیازێک لەبارەى چارەسەرى کێشەى نەوت و بودجەى هەرێمەوە".

 

بەوتەى شیروان میرزا، پێشنیازەکان خۆیان دەبیننەوە رادەستکردنى کۆى بەرهەمى نەوت، کۆى دۆسیەى نەوت و کێڵگەکان، 450 هەزار بەرمیل نەوت، بەڵام هەموو ئەوانە پێشنیازن و بەفەرمى شیعەکان لەسەر یەکێکیان یەکلایی نەبوونەتەوە.

 

پێشبینیشیکرد، لە دوو رۆژى داهاتوودا ماددەکانى پەیوەست بە پشک و نەوتى هەرێم یەکلایی بکرێتەوە و ئەگەریش هەیە رۆژى شەممەى داهاتوو پڕۆژەکە بخرێتە دەنگدانەوە.

 

ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران کۆبووە و کۆپییەکی لە پڕۆژەیاسای هەموارکراوی بودجەی 2021ی ڕادەستی حکومەتی عێراق کرد.  

 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەبارەى پشکی هەرێم لە بودجەکەدا، کازمى لە کۆبوونەوەکەدا داوای کردووە دەستکاری پشکی هەرێم نەکرێت و وتوویەتی تکا دەکەم پشکى هەرێم چۆن لە پڕۆژەیاسای بودجەدا هاتووە بەو شێوەیە تێپەڕێنرێت چونکە ئەوە دواى لێکۆڵینەوەیەکى زۆر دانراوە".  

  

وتیشی "سەرۆک وەزیران جەختى لەوە کردووەتەوە ڕەچاوى ئەوەشمان کردووە هەرێم بتوانێت پابەندى ئەو خاڵانەى ناو بودجەکە بێت".

  

جەمال کۆچەر باسی لەوەشکرد، ئەو داوایەى سەرۆک وەزیران پیشهاتێکى زۆر باش بوو لەبارەى پشکى هەرێم لە بوجەکەدا.  

  

لەبارەى ئەگەرى گۆڕانکارییەکان لەدوا کۆپى پڕۆژەکەدا، کۆچەر وتى "من لەو باوەڕەدام گۆڕانکارییەکان تەنها لەسەر شێوە بێت ئەگینا دەرئەنجامەکەى هەر بەو شێوەیە بێت کە لە پڕۆژەکەدا هاتووە".  

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەگەر گۆڕانکارییەکیش کرا ڕەنگە بەو شێوەیەى لێ بکرێت کە ئەو نەوتەى کە لەڕێگەى بەدەرى جەیهانەوە ڕەوانە دەکرێت ڕادەستى بەغدا بکرێت و بەشى ناوخۆ و تێچووى کۆمپانیا و چەند خەرجیەکى تر بۆ هەرێم بگەڕێنرێتەوە کە ئەوەش هەر 250 بەرمیلەکە دەکات.  

  

هەر دوای کۆبوونەوەکە، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەنراوێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، کازمی داوای کردووە دادپەروەری هەبێت لە دابەشکردنی سامانی وڵات لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا بەپێی دەستور، هەروەها بە پێویستی زانیوە قوتی هاوڵاتیان و خزمەتگوزارییەکان بەدوربخرێن لە شانەخڕێی سیاسیی لایەنەکان.