گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تایبەت

بەنداوى دەربەندیخان زەنگى مەترسی لێدەدات ’ئاستى ئاو نیو مەتر دابەزیوە’

2021.02.07 - 17:37
App store icon Play store icon Play store icon
بەنداوى دەربەندیخان زەنگى مەترسی لێدەدات ’ئاستى ئاو نیو مەتر دابەزیوە’

ناس کورد-

بەڕێوەبەرى بەنداوى دەربەندیخان هۆشداریدەدات لە کاریگەرى کەمبوونەوەى گلدانەوەى ئاو، بەهۆى ئەوەى بەنداوەکە ئاوێکى کەمى تێدایە و نیو مەتر کەمترە لەئاستى ساڵى رابردوو.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بەنداوى دەربەندیخان کە لەسەر روبارى سیروان دروستکراوە، توانای گلدانەوەی نزیکەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە، بەڵام ئێستا نیوەى ئەو بڕەى تێدایە، ئەوەش بەهۆى کەمى باران بارین و دروستکردنى بەنداو لەسنورى ئێران لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەى دەڕژێنە بەنداوەکەوە.

 

رەحمان خانى بەڕێوەبەرى بەنداوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، بەشێوەیەکى گشتى ئاستى گلدانەوەى ئاو بەراورد بە ساڵانى رابردوو خراپە و داهاتى ئاو کەمە لەسەرچاوەکانەوە، لەچاو ساڵى پار نزیکەى %60 داهاتى ئاو چووەتە بەنداوەکە.

 

وتیشى ئێستا بەنداوەکە ملیارێک و 170 ملیۆن مەتر سێجا ئاوى تێدایە کە هەمووى خەزن ناکرێت، چونکە بەشێکى خەزنى مردووە، بەراورد بەساڵى رابردوو %40 داهاتى ئاو کەمتر هاتووە.

 

رەحمان خانى باسى لەوەشکرد، ئاستى ئاو ئەمڕۆ یەکشەممە بەراورد بە هەمان رۆژى ساڵى رابردوو  نیو مەتر نزمترە.

 

ئەو ئاوەى دەڕژێتە ناو بەنداو دەربەندیخانەوە سەرچاوەى 68%ى ناوچە شاخاوییەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانە، 18% ى سەرچاوەکەشى لە ئێرانەوە دێت، ئەوەى دیکەشى کە دەمێنێتەوە  لە (زەڵم و ڕیشێن و سەراو و چەمەکانی تری شارەزور) ەوە دێن.

 

ئاوى بەنداوەکە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێرى و بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا بەکاردەهێنرێت و سنورێکى بەرفراوان هەر لە گەرمیانەوە هەتا خانەقین و جەلەولا و قەرەتەپە و دیالە پشتى پێ دەبەستن.

 

"کەمى ئاستى ئاو کاریگەریی زۆری دەبێت بۆ سەر ئەو ناوچانەى کەوتونەتە خوارووى بەنداوەکەوە، بەنداوى حەمرین ئاوى کەمتر تێدەڕژێت، کە ئاستى ئاو وەکو پێویست نەبوو لەهاوین و پایزدا کێشەى کەمئاوى لەو ناوچانە سەرهەڵدەدات"، رەحمان خانى وایوت.

 

جگە لە کشتوکاڵ و ئاودێرى بەنداوەکە تواناى بەرهەمهێنانى 250 مێگاوات کارەباى هەیە ئەگەر هەر سێ یەکەکەى کاربکات، بەهۆى کەمى ئاوەوە ئێستا بڕێکى کەم کارەبا بەرهەمدەهێنێت.

 

بەوتەى رەحمان خانى، ئێستا لە سنورى 30-35 مێگاوات کارەبا لەبەنداوەکە بەرهەمدەهێنرێت، ئەوەش بەهۆى کەمى گلدانەوەى ئاوەوە.