ناس کورد-
پاش نزیکەی هەفتەیەک لە کوژرانی دوو ژن و پیاوێک لە بەرانبەر بینای خانەی دادی کرماشان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وردەکاری ڕووداوەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بکوژەکە ئەندامی سوپایە و هاوسەری یەکێک لە کوژراوەکانە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو (یەکشەممە 7ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، " رۆژی سێشەممەی ڕابردوو کەسێک بە ناوی " ئەشکان کازمی" لە شەقامی بێنتەلهودای بەرانبەر خانەی دادی کرماشان سێ کەسی بە چەک کوشت کە یەکیان پارێزەر و ژنێکیشیان هاوسەری خۆی بوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سێ کەسەی کە ئەشکان کازمی کوشتوونی، یەکیان خێزانی خۆی بە ناوی " شیوا زەفەری" خەڵکی شارۆچکەی دینەوەری شاری سەحنە و یەکێکی دیکەیان برای خێزانی بووە، کەسی سێیەمیش پارێزەری خێزانی بە ناوی "پەریوەش نەزەری" خەڵکی کرماشانە.
باسی لەوەشکردووە، ئەشکان ئەندامی فەرمیی سوپای ئێرانە و خەڵکی گواوری شاری گیلانی ڕۆژئاوایە کە لە تیپی ٢٨١ی هێزی زرێهی بێستووندا بووە و بە چەکی رێکخراوەیی خۆی لە سوپا (پارابلۆمی ٩ی میلیمیتری) بەهۆی ناکۆکی لە سەر بڕی مارەیی و گەڕاندنەوەی ناوتێلانە ئەو سێ کەسەی کوشتووە.
شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، " لە کاتی تەقەکردن، برای شیوا زەفەری لەوێدا گیانی لەدەست دا و شیوا و پارێزەرەکەی بریندار بوون، ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن درەنگ گەیشتە شوێنەکە و ئەو دوو بریندارەش لە رێگای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە، گیانیان لە دەستدا."