گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانوستان لە پەرلەمانە

قوباد تاڵەبانی: نزیكین لە دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ بەغدا

2021.02.07 - 08:16
App store icon Play store icon Play store icon
قوباد تاڵەبانی: نزیكین لە دۆزینەوەی چارەسەر لەگەڵ بەغدا

ناس كورد

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "نزیكین لە دۆزینەوەی چارەسەرێك کە شیاوی جێبەجێكردن بێت لەگەڵ بەغدا و دانوستانەكان ئێستا لە پەرلەمان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عێراقدایە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قوباد تاڵەبانی کە هاوکات سەرۆكی شاندی دانوستانكاری حكومەتی هەرێمە بۆ بەغدا لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (7 شوباتی 2021) جەخت لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی و جێبەجێكردنی پابەندییەكانی بەمەرجێك "ڕێككەوتنەكە دادگەرانە و قابیلی جێبەجێكردن بێت". 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

تاڵەبانی باسی لەوەشكردووە كە پشكی ڕاستەقینەی هەرێم پاش لێ دەركردنی خەرجییە سیادییەكان 5% تێپەڕ ناكات و داوای كردووە كۆمپانیای سۆمۆ سەرلەنوێ دابمەزرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی شەفاف نەوت بگەیەنێتە بازاڕەكان بە هی هەرێمیشەوە. 

 


دەشڵێت، دانوستانەكانی ئەمجارە جیاواز و فرەجۆرن و یەك دانوستان نین و لەیەك دۆسیەدا نین، لەپاش حكومەت ئێستا لەگەڵ لیستە سیاسییەكاندایە و لە پەرلەمانە، قوباد تاڵەبانی هیواشی خواستووە بگەنە ئەنجامێكی ئەرێنی بە رێككەوتنێكی دادگەرانە كە شایستەی جێبەجێكردن بێت "هاوكێشەكە براوە و دۆڕاو هەڵناگرێت". 

 


سەرۆكی شاندی هەرێم داوای دووركەوتنەوە لەو لێدوانانەش دەكات دەچنە خانەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەوە و دەڵێت "گفتوگۆكان ئەرێنی بوون و لەگەڵ لیژنەی دارایی بەردەوامن و لەگەڵ لیستە سیاسییەكان. هەروەها دەڵێت " نزیكین لە دۆزینەوەی چارەسەرێك قابیلی جێبەجێكردن بێت". 

 

هاوکات سەرۆکى فراکسیۆنی بەدری سەر بە هادی عامری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 تێدەپەڕێنرێت تەنانەت ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەیشتنە ڕێککەوتن.   

  

حسێن شاکر کەعبی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (6ی شوباتی 2021) دەڵێت، "هەرێمی کوردستان هەماهەنگی ناکات لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ یەکلاییکردنەوەى پشکی خۆی لە بودجەدا." 

 

لەلایەکی ترەوە، پەرلەمانتارێکى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی وتووە بابەتی ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ کۆتایی هاتووە، تەنیا دوو ڕێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەیە.      

  

هێڤیدار ئەحمەد لە وتارێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە نوسیویەتى، ئەو دوو رێگەیە بریتین لەوەى هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت، یان هەموو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت".        

  

باسى لەوەشکردووە، بەغدا وەکو نەخشەڕێگەیەک باسی ئەوە دەکات کە کام لەم دوو رێگەیە، هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ کەرتدا دابەشدەکرێت ئەویش: نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ ناوخۆ بەکاردێت، حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە نێو گەنجینەی گشتی.        

  

بەوتەى هێڤیدار ئەحمەد کە جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانە، لیژنەی دارایی عێراق دەستکاریی ژمارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی کردووە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردووە ئەویش لە 163 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 127 ترلیۆن. پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67% دانراوە.        

  

دەشڵێت، "ئەگەر ئەم ژمارەیە دەستکاری نەکرێت، هەروەکو خۆی کە حکومەت ناردوویەتی 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمکرایەوە بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئەوا ئەو ژمارەیە کەمدەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار".        

  

شاندى هەرێم دواى چوار ڕۆژ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەى دارایی و لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بوجە و دۆسیەى نەوتەوە، شەوى چوارشەممە گەڕانەوە هەرێم، بەبێ ئەوەى رێککەوتن لەگەڵ لیژنەکە رابگەیەنن.