گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی هەرێم و بەغدا: ئەمە دوا دەرفەتە

2021.02.06 - 21:40
App store icon Play store icon Play store icon
ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی هەرێم و بەغدا: ئەمە دوا دەرفەتە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

بڕیارە سبەینێ شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لەسەر پشکی هەرێم لە بودجە بگەڕێتەوە بەغدا و ئەندامێکی لیژنەی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێریش دەڵێت، کۆبوونەوەکانی ئەمجارەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێدەچێت دوا درەفەت بێت بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا و لەکاتی نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەگەری زۆرە بەبێ کورد بودجە تێبپەڕێنێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

حەسەن شوێرد، ئەندامی لیژنەی گفتۆگۆی نێوان بەغدا و هەولێر کە لە (23ی تشرینی دووەمی 2020) بەفەرمانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، پێکهێنرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم (شەممە 6ی شوباتی 2021) بە" ناس کورد"ی ڕایگەیاند، "بڕیارە سبەینێ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا و گفتوگۆی پشکی هەرێمی لە بودجە دەستپێبکەنەوە." 

 

وتیشی،  دەبێت هەموو هەوڵەکان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکان و بودجە بگەن بە ڕێککەوتن و چارەسەرێکی مامناوەندی بۆ بدۆزرێتەوە.

 

شوێرد ئەوەشی خستەڕوو، "کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ماوەی 17 ساڵە بوونی هەیە، ئێستا عێراق لە دۆخێکی هەستیاردایە و فشارێکی زۆری لەسەرە، بۆیە دەبێت کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی بە زووترین کات یەکلایی بکرێنەوە، زۆر ئەستەمە حکومەت لەوە زیاتر چاوەڕێ بکات، ئەگەری هەیە بودجەی 2021 بەبێ کورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕبێت، چونکە کات نەماوە".

 

"پێدەچێت سەردانەکەی سبەینێی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دوا دەرفەت بێت بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن" حەسن شوێرد وای وت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، " ئێمە گەشبینین بەوەی کە لە ڕۆژانی داهاتوودا دانووستانەکان بە ئاڕاستەیەکی باشدا بڕوات، کۆکردنەوەی کارتەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەکی گونجاو بۆ کێشەکان لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانەدایە".

 

لێدوانەکەی شوێرد، لە کاتێکدایە گفتوگۆی زۆرینەی مادە و بەندەکانی پڕۆژەبودجەی 2021ی عێراق کۆتایی هاتووە و لەئێستادا تەنها پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە و دۆسیەی نەوت ماوەتەوە کە لە پڕۆژەکەدا جێگیر بکرێت. 

 

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا (پێنجشەممە 4ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "لە گفتوگۆکانی نێوان شاندی باڵای هەرێم و بەغدا، بەغدا داوای کردووە هەرێمی کوردستان مەلەفی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات و سەرجەم نەوتەکەی لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت."  

  

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو داوایە نادەستورییە و سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان و شاندی هەرێم و ئەندامە کوردەکانی لیژنەی داراییش بە ڕاشکاوی ئەوەیان وتووە کە کە حکومەتی هەرێم ئەو کارە ناکات."  

  

ئاڵا تاڵەبانی ئەوەشی ئاشکراکرد، "لەئێستادا پێشنیازێک کراوە لەجێی مەلەفی نەوت، کۆی داهاتی نەوت ڕادەستی بەغدا بکرێت، لەو چوارچێوەیەشدا، هەرێمی کوردستان و لایەنە عێراقییەکانیش کۆبوونەوە و گفتوگۆی ناوخۆیی خۆیان دەکەن بۆ تاووتوێکردن ئەو پێشنیازە."  

 

بە گوێرەی نوسراوێکی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عیراق، لە ( 23ی تشرینی دووەمی 2020)  لیژنەیەک لە هەشت پەرلەمانتارى عێراق پێکهێنرا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ و حکومەتى هەرێم لەبارەى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوانیان و دۆزینەوەى ڕێگەچارەى چارەسەرکردنى کێشەکان.

 

لیژنەکە پێکھاتووە لە، محەمەد شیاع سودانی، عەدنان زورفی، محەمەد دەراجی، مزاحیم تەمیمی، عەبود عیساوی، ھیشام عەبدولمەلیک، حەسەن شوێرید و فەیسەڵ عیساوی.