ناس کورد-
لەسەر لێدوانێکى وەزیرى دارایى عێراق لەبارەى تێوەگلانى لایەنە سیاسیەکان لە ئاڵۆگۆڕکردنى دراوى بانکى ناوەندیی عێراق، پەرلەمان داواى ڕوونکردنەوە لەو وەزیر دەکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپیەکى دەستى "ناس کورد" گەیشتووە، فەرمانگەى ڕاگەیاندنى پەرلەمانى عێراق (6ى شوباتى 2021) ڕایگەیاندووە، لەسەر لێدوانێکى وەزیرى دارایى لەبارەى تێوەگلانى لایەنە سیاسیەکان لە ئاڵوگۆڕى دراوى بانکى ناوەندیدا، لیژنەى دارایى پەیوەندى بە وەزارەتى داراییەوە کردووە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ڕاگەیەنراوەکە دەشڵێت، وەزیرى دارایى ناوى ئەو لایەنە سیاسیانەى نەبردوون کە بەشداربوون لە بڵاوکردنەوەى گەندەڵى لەو ڕێگەیەوە و مەبەست لە پەیوەندییەکەى ئەوانیش بۆ پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەو پرسە بۆ ئەوەى ڕاستییەکان بۆ خەڵکى ئاشکرا بکرێن.
ئەوەش لەکاتێکدا وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕانکاری لە نرخی دۆلار داوایەکی پێشتری وەزارەتی دارایی بووە و دەڵێت، "بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو گەندەڵییەکی زۆری تێدا بوو."
عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (6ی شوباتی 2021) دەڵێت، "ناتوانرێت بەرهەمی ناوخۆیی زیادبکرێت یاخود بپارێزرێت هەتاوەکو لە بازاڕدا قەبارەى خۆی بۆ نەگێڕیتەوە، ئەوەش بە ڕێکاری دارایی و ئابوریی یەکلاییکەرەوە دەکرێت کە یەکێک لەوانە گۆڕانکاری بوو لە نرخی دۆلار."
وتیشی، "هەندێک لایەنی سیاسیی سود لە گەندەڵی وەردەگرن و نەهێشتنی گەندەڵی لە سودی ئەوان نییە."
پرسی گەرموگوڕی بەرزکردنەوەى نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر دیناری عێراق خەریکە بەرە بەرە سارد دەبێتەوە، بەوپێیەی لە دواین گفتوگۆکانیدا لەبارەى پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی نەکردووە، بەڵام دوو ئاماژە هەن.
موسەننا سامەڕایی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە (5 شوباتی 2021) بە ڕوونی ئەوە ئاشکرا دەکات کە "لیژنەی دارایی بەرپرس نییە لە بابەتی بەرزکردنەوەى نرخی دۆلار" و جەخت دەکاتەوە کە "ئەو پرسە تایبەتە بە بانکی ناوەندییەوە."
لە ئاماژەیەکی تردا، هەیسەم جبوری، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا کە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆ كردووە گرنگترین بڕگە پەسەندكراوەكانی بودجەی 2021 عێراقی بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت نرخی دۆلار هەر وەک خۆیەتی.
بەڵام هەیسەم جبوری بابەتێکی تر دەوروژێنێت و دەڵێت، بڕیاردراوە بە "تەرخانکردنی بڕێک پارە بۆ پەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانی گۆڕینی نرخی دۆلار لە کەرتی تایبەت، ئەوەش بۆ بەردەوامیدان بەو پڕۆژانەی کە وەزارەتی پلاندانان و دیوانی چاودێری دارایی داوای کردوون."
چاودێران پێیانوایە، ئەو دوو ئاماژەیە دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نرخی دۆلار بە لایەنی کەمەوە، لەمساڵدا، وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناگۆڕێت کە هەر دۆلارێک بە هەزار و 450 دینار دیاری کراوە.
لەبارەى پڕۆژەکانەوە، پێشتر ڕیاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار سودی بۆ بودجە دەبێت، بەڵام خزمەت بەکەرتی تایبەت ناکات، بەتایبەت کە گرێبەست و کۆمپانیا بەڵێندەرەکان لەسەر نرخی پێشتری دۆلار ئەنجام دراون.
باسی لەوەشکردووە، لە ئیستادا زیاتر لە حەوت هەزار پڕۆژە هەیە، ئەوانیش مامەڵەیان لەسەر نرخی دۆلاری پێشوو دەکرد کە 100 دۆلار بەرانبەر بوو بە 120 هەزار دینار.
ئاشکرای کرد کە "لیژنەکەمان پێشنیازێکی پێشکەشکردووە کە دەبێت درێژکردنەوەی گرێبەست بۆ ئەو کۆمپانیایانە هەبێت بۆ ئەوەی پارەی گشتی بەفیڕۆ نەدرێت و کۆمپانیاکان لە تەواوکردنی پڕۆژەکانیان نەوەستن".