گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

فراکسیۆنی بەدر: بەبێ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداش بودجە تێدەپەڕێنرێت

2021.02.06 - 08:36
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی بەدر: بەبێ ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداش بودجە تێدەپەڕێنرێت

ناس کورد-

سەرۆکى فراکسیۆنی بەدری سەر بە هادی عامری لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 تێدەپەڕێنرێت تەنانەت ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەیشتنە ڕێککەوتن. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حسێن شاکر کەعبی لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (6ی شوباتی 2021) دەڵێت، "هەرێمی کوردستان هەماهەنگی ناکات لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی بۆ یەکلاییکردنەوەى پشکی خۆی لە بودجەدا."

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

جەخت دەکاتەوە کە "شاندی هەرێم ڕادەستکردنی نەوت و کێڵگەکانی بە حکومەتی فیدڕاڵی ڕەت کردووەتەوە."

 

سەرۆکى فراکسیۆنی بەدر جەخت دەکاتەوە کە "هەفتەی داهاتوو لیژنەی دارایی پڕۆژەیاسای بودجە ڕادەستی پەرلەمان دەکات."

 

قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی شاندی هەرێم بۆ بەغدا هۆکاری ڕادەستنەکردنی تەواوەتی دۆسیەی نەوتی هەرێمی بە بەغدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کاردەکەن تاوەکو کوردیش نوێنەری لە کۆمپانیای سۆمۆدا هەبێت.  

 

قوباد تاڵەبانی کە هاوکات جێگری سەرۆکى حکومەتی هەرێمیشە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ "المركز الخبري" کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (5ی شوباتی 2021) لەبارەى پرسیاری ئایا بۆچی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە هەموو نەوتەکەى ڕادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکات دەڵێت، "نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی هەرێمی کوردستانە، لەو ڕێگایەشەوە پارەی زۆربەی خەرجییەکانی هەرێم دابین دەکرێت."  

  

دەشڵێت، "ئەگەر ئەو سەرچاوەیەمان نەمێنێت، هیچ گەرەنتییەک بۆ دابینکردنی خەرجییەکانمان نامێنێت، هەروەها ناشتوانین ئەو قەرزانە بدەینەوە کە کەوتووەتە گەردنی هەرێمی کوردستان."  

  

قوباد تاڵەبانی دەشڵێت، "هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی پابەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، جا ڕۆژانە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیلە یان تەنانەت داهاتە نانەوتییەکانیش، بەڵام بەپێی دەستور دەبێت لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان تەواوی شایستە داراییەکانی لە بەغداوە وەربگرێت."  

  

باسی لەوەشکرد، "هیوادارین پەیوەندییەکی باشی نەوتی و دارایی لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدا بنیاد بنێین، باوەڕیشمان وایە ئەوە هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت، تا دەگاتە دامەزراندنی کۆمپانیای نوێی سۆمۆ کە ئەندامی کوردیش لە ئیدارەکەیدا هەبن، بەڵام ئەوە هێشتا لە سەرەتادایە و پێویستی بە متمانەی زیاتر هەیە لە هەردوولاوە." 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

لەلایەکی ترەوە، پەرلەمانتارێکى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی وتووە بابەتی ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ کۆتایی هاتووە، تەنیا دوو ڕێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەیە.  

  

هێڤیدار ئەحمەد دوێنێ هەینى لە وتارێکدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە نوسیویەتى، ئەو دوو رێگەیە بریتین لەوەى هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت، یان هەموو داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدا بکرێت".    

  

باسى لەوەشکردووە، بەغدا وەکو نەخشەڕێگەیەک باسی ئەوە دەکات کە کام لەم دوو رێگەیە، هەرێمی کوردستان هەڵبژێرێت. داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەسەر سێ کەرتدا دابەشدەکرێت ئەویش: نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکی بۆ ناوخۆ بەکاردێت، حەقدەستی کۆمپانیاکانی نەوت بدرێت کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان دەکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە دەخرێتە نێو گەنجینەی گشتی.    

  

بەوتەى هێڤیدار ئەحمەد کە جێگرى سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانە، لیژنەی دارایی عێراق دەستکاریی ژمارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی کردووە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردووە ئەویش لە 163 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 127 ترلیۆن. پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67% دانراوە.    

  

دەشڵێت، "ئەگەر ئەم ژمارەیە دەستکاری نەکرێت، هەروەکو خۆی کە حکومەت ناردوویەتی 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمکرایەوە بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئەوا ئەو ژمارەیە کەمدەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار".    

  

شاندى هەرێم دواى چوار ڕۆژ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەى دارایی و لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بوجە و دۆسیەى نەوتەوە، شەوى چوارشەممە گەڕانەوە هەرێم، بەبێ ئەوەى رێککەوتن لەگەڵ لیژنەکە رابگەیەنن.      

  

ئیخڵاس دلێمى ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق (4ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ کەناڵى فەرمى عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند "تائێستا نەگەیشتوینەتە ڕێکەوتن و هەرێمى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە، شاندی کوردى سەردانى لایەنە سیاسیەکانى کردوە و چەندین کاتژمێر لەگەڵ لیژنەى دارایى دانیشتوون".      

  

وتیشى، "داواى ئامادەبونى بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستانمان کرد، ناوبراو ئامادەبوو سەرجەم داتاکانى تایبەت بە مافەکانى هەرێم لە مەلەفە نەوتى و داهاتە نەوتیەکانى لەگەڵ خۆیدا هێنابوو".      

  

لە گفتوگۆکانى شاندى هەرێم و لیژنەى دارایی چەندین بژاردە تاوتوێکران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ماددەکانى پەیوەست بە هەرێم لە پڕۆژەى بودجە، بەڵام رێککەوتن لەسەر هیچ بژاردەیەک نەکرا.      

  

ئەحمەد مەزهەر جبورى ئەندامى لیژنەى دارایی دەڵێت "داوا کراوە هەرێمى کوردستان سەرجەم کێڵگە نەوتیەکان رادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق بکات و حکومەتى ناوەندى بەرپرسارێتى تێچوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بگرێتە ئەستۆ".      

  

هێماى بۆ ئەوەشکردووە، وەزارەتى نەوت خۆى بەشى بەکارهێنانى ناوخۆیى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیارى دەکات.      

  

تا ئێستا دیار نییە هەرێم و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەگەنە رێککەوتن یاخود نا، پێش ئەوەى پڕۆژەى بودجە بخرێتە دەنگدانەوە، کە چاوەڕوادەکرێت لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوودا بێت.