گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکگرتووی ئیسلامی: بە هاوکاری لایەنە نزیکەکان سەرقاڵی ئامادەسازین

2021.02.05 - 19:56
App store icon Play store icon Play store icon
یەکگرتووی ئیسلامی: بە هاوکاری لایەنە نزیکەکان سەرقاڵی ئامادەسازین

ناس کورد-

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، "بە هاوكاری لایەنە نزیك و دۆستەكان سەرگەرمی ئامادەسازین بۆ بەشداربوونێكی كارا" لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە 10ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە  

 

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەکگرتووی ئیسلامی بە بۆنەی (27)مین ساڵیادی ڕاگەیاندنییەوە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (5ی شوباتی 2021) دەڵێت، "لە كاتێكدا هەموو لایەنەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق سەرگەرمی ئامادەكاریەكانیانن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێمەش لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هاوكاری لایەنە نزیك و دۆستەكان سەرگەرمی ئامادەسازین بۆ بەشداربوونێكی كارا بۆ ئەوەی وەك هێزێكی پەرلەمانی كاریگەر و دڵسۆز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بتوانین ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆمان ببینین لە بەرگریكردن و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و دەستەبەركردنی شایستە داراییەكان و مووچەی موچەخوران."

دەشڵێت، "لەماوەی ئەم ساڵەدا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی شكستی حوكمرانی و ناعەدالەتی و گەندەڵی بێسنور و نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەركردنی پەرتەوازەیی ناوخۆیی و ئەنجامنەدانی چاكسازی ڕیشەیی و داننەنان بە هەڵەكان، گەلەكەمان دووچاری قەیران و نەهامەتی دژوار بۆتەوە، بەو هۆیەشەوە زۆرێك لە دەرفەت و دەسكەوتەكان بەشێوازی جیا جیا لەدەستدران، تا گەیشتە پێنەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و موچەخۆران بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و لەكاتی خۆیدا، كە ئەمەش بۆتە هۆكاری هەژاری و بێكاری و تەشەنەكردنی چەندین دیاردەی دزێوی كۆمەڵایەتی، هەروەها لاوازبوونی پێگەی سیاسی هەرێم لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە وكەمبونەوەی متمانەی ڕای گشتی و نێودەوڵەتی بە گەلەكەمان و سیستەمە حوكمرانیەكەی."

 

"جارێكی تر جەخت دەكەینەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هێزێكی ئیسلامی ڕەسەنی كوردستانی بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێبازی میانەڕەوی ئیسلامیانەو ئیصلاحیانەی خۆی لە پێناو خزمەتكردن بە گەل و كۆمەڵگەی كوردەواری، لەو میانەشدا یەكگرتوو پشتگیری لە هەموو هەوڵ و پڕۆژەیەك دەكات كە خزمەت بە چاكسازی ڕیشەیی و چارەسەركردنی قەیرانەكان بكات، بەتایبەتی قەیرانی موچە و بوودجە كە ئەوەش دەخوازێ حكومەتی هەرێم روونتر و خێراتر لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی رێككەوێت وكۆتایی بەم قەیرانە بهێنێ، هاوكات هەموو پلان و پرۆژەیەك رەتدەكاتەوە كە ببێتە هۆكاری لاوازبوونی پێگەی سیاسی و دەستووری هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ."

 

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

بەیاننامەی ئەنجومەنی جێبەجێكردن
بە بۆنەی (27)مین ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو بەبۆنەی 27هەمین ساڵرۆژی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی :
بسم الله الرحمن الرحیم
إِنْ أُرِيدُ إِلَّا الْإِصْلَاحَ مَا اسْتَطَعْتُ ۚ وَمَا تَوْفِيقِي إِلَّا بِاللَّهِ ۚ عَلَيْهِ تَوَكَّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ" (88) هود
جەماوەری بەڕێزی كوردستان
ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
خوشكان .. برایان
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
لەم رۆژانەدا بۆ (27)مین جار ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یاد دەكەینەوە، بەم بۆنەیەوە جوانترین پیرۆزبایی لە خۆمان و هەموو ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتوو دەكەین، هەروەها پیرۆزباییەكی تایبەت لە جەماوەری خۆشەویستی كوردستان دەكەین كە ( 27) ساڵ لەمەوپێش حیزبێكی مەدەنی میانەڕەو بە میتۆد و میكانیزمێكی جیاواز هاتە مەیدانی خەبات و خزمەتكردنی خاك و خەڵكی كوردستان .. داواكارین لە خوای گەورە كار و چالاكی و هەوڵ و ماندووبوونەكانی ساڵی رابردوومان لێ قبوڵ بكات و یارمەتیدەرمان بێت بۆ كار و چالاكی باشتر لە داهاتوودا، ساڵی ڕابردوو لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی و عێراق وكوردستان بەتایبەتی ساڵێكی قەیراناوی و پڕ نەهامەتی و ئێش و ئازار بوو، ئەویش بەهۆی چەندین كێشە و قەیرانی جۆراوجۆر و پەتای كۆرۆناوە كە مەخابن بووە هۆی تووشبوونی ملیۆنان وگیانلەدەستدانی خەڵكێكی زۆر، لەو میانەشدا چەندین خوشك و براو مامۆستای ئاینی و كادیری دیاری یەكگرتوومان لەدەستدا، خوای میهرەبان لە هەموویان خۆشبێت و جێگایان بەهەشتی بەرین بێت.
بەرێزان ..
 
هەر لەماوەی ئەم ساڵەدا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی شكستی حوكمرانی و ناعەدالەتی و گەندەڵی بێسنور و نەبوونی ئیرادەی ڕاستەقینە بۆ چارەسەركردنی پەرتەوازەیی ناوخۆیی و ئەنجامنەدانی چاكسازی ڕیشەیی و داننەنان بە هەڵەكان، گەلەكەمان دووچاری قەیران و نەهامەتی دژوار بۆتەوە، بەو هۆیەشەوە زۆرێك لە دەرفەت و دەسكەوتەكان بەشێوازی جیا جیا لەدەستدران، تا گەیشتە پێنەدانی موچەی مانگانەی فەرمانبەران و موچەخۆران بەشێوەیەكی ڕێكوپێك و لەكاتی خۆیدا، كە ئەمەش بۆتە هۆكاری هەژاری و بێكاری و تەشەنەكردنی چەندین دیاردەی دزێوی كۆمەڵایەتی، هەروەها لاوازبوونی پێگەی سیاسی هەرێم لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە وكەمبونەوەی متمانەی ڕای گشتی و نێودەوڵەتی بە گەلەكەمان و سیستەمە حوكمرانیەكەی.
 
هاوڵاتیانی خۆشەویست ..
لەم هەلو مەرجە نەخوازراوەدا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هێزێكی ڕەسەن و دڵسۆزی گەلەكەمان بەردەوام بووە لە هەوڵ و تێكۆشانەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان و كەمكردنەوی نەهامەتیەكانی هاوڵاتیان و پێشكەشكردنی كار و چالاكی خێرخوازی بۆ توێژە نەدار و هەژارەكان لە ڕێگای ڕێكخراوە خێرخوازە ئیسلامیەكانەوە..
 
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە سۆنگەی ڕێبازی ئیصلاحیانەی خۆیەوە لەم خولەدا هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنبوونی وەرگرتووە و لەو بوارەدا توانیویەتی ڕۆڵێكی كارا وكاریگەر و بەرچاو ببینێت لە ڕێگای سەرجەم فراكسیۆنەكانیەوە، بەتایبەتی هەردوو فراكسیۆن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی كوردستان، لەو پێناوەشدا قوربانی گەورەی داوە، هەموان ئاگادارن كە لایەنی دەسەڵاتدار لە كاردانەوەیەكی نەخوازراودا ژمارەیەك پۆستی ئیداری لە پارێزگای دهۆك لە یەكگرتوو وەرگرتەوە كە بەشێك بوون لە بەركەوتەی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان.
 
هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا و لە چوارچێوەی ئەولەویەت و ستراتیژیەتی بڕیارلەسەردراوی ئەم خولە، سەرباری كێشە وگرفتەكان و دەرهاویشتەكانی پەتای كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی، سەرجەم ئۆرگانەكانی یەكگرتوو بەپێی پلان و بەرنامەیەكی گونجاو گرینگی و بایەخێكی زۆریان داوە بە پەرەپێدان و تۆكمەكردنی ناوخۆی حیزب و ئەنجامدانی كار و چالاكی نەوعی لە گشت بوارەكان كە جێگای دڵخۆشبوون و گەشبینیە بۆ سەركردایەتی و تێكڕای ڕێكخستنەكان.
 
جەماوەری خۆراگری كوردستان ... لە كاتێكدا هەموو لایەنەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق سەرگەرمی ئامادەكاریەكانیانن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئێمەش لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە هاوكاری لایەنە نزیكودۆستەكان سەرگەرمی ئامادەسازین بۆ بەشداربوونێكی كارا بۆ ئەوەی وەك هێزێكی پەرلەمانی كاریگەر و دڵسۆز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بتوانین ڕۆڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی خۆمان ببینین لە بەرگریكردن و داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و دەستەبەركردنی شایستە داراییەكان و مووچەی موچەخوران..
 
لەم بۆنەیەدا جارێكی تر جەخت دەكەینەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هێزێكی ئیسلامی ڕەسەنی كوردستانی بەردەوام دەبێت لەسەر ڕێبازی میانەڕەوی ئیسلامیانەو ئیصلاحیانەی خۆی لە پێناو خزمەتكردن بە گەل و كۆمەڵگەی كوردەواری، لەو میانەشدا یەكگرتوو پشتگیری لە هەموو هەوڵ و پڕۆژەیەك دەكات كە خزمەت بە چاكسازی ڕیشەیی و چارەسەركردنی قەیرانەكان بكات، بەتایبەتی قەیرانی موچە و بوودجە كە ئەوەش دەخوازێ حكومەتی هەرێم روونتر و خێراتر لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی رێككەوێت وكۆتایی بەم قەیرانە بهێنێ، هاوكات هەموو پلان و پرۆژەیەك رەتدەكاتەوە كە ببێتە هۆكاری لاوازبوونی پێگەی سیاسی و دەستووری هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی عێراقی فیدراڵ..
 
لەكۆتاییدا جارێكیتر جوانترین چەپكە گوڵی پیرۆزبایی ئاراستەی گشت كادر و ئەندام و لایەنگرانی یەكگرتوو دەكەین، كە گەورەترین سەرمایەی مرۆیی ئەم خاك و گەلەن، لە خوای گەورە داواكارین كۆچكردووان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و شیفای خێری نەخۆشەكانیش بدات.
ئومێدی سەربەرزی و ئایندەیەكی گەش بۆ گەل و نیشتمانەكەمان دەخوازین.
ئەنجومەنی جێبەجێكردن
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان