گه‌ڕان

Shadow Shadow

مەسرور بارزانی دەکەوێتە ژێر باری قەرزەکانی کابینەی ئامۆزاکەیەوە

2019.05.27 - 16:49
مەسرور بارزانی دەکەوێتە ژێر باری قەرزەکانی کابینەی ئامۆزاکەیەوە
ناس کورد - وریا حسێن کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم قەرزێکی کەڵەکەبووی چەندین ملیار دۆلاری خۆی دەبینێتەوە، بەشێک لەپەرلەمانتارانیش ئەوە وەکو مەترسی وێنا دەکەن لەبەردەم کابینەکەی مەسرور بارزانی. . تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان خەمڵاندنێکی تەواوی بەردەست نەخستووە لەبارەی ئەو قەرزەی لەساڵی 2014وە لە پێناو کورتهێنانی بودجەی ساڵانە کردوویەتی. . هێڤیدار ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لەبارەی دۆسیەی قەرزەکانەوە هیچیان لەحکومەتەوە بەدەست نەگەیشتووە بۆیە تائێستا نازانن ژمارەی دروستی قەرزەکان چەندە. . ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان ئاماژەی بۆ کۆتا دانیشتی لیژنەی دارایی پەرلەمان کرد سەبارەت بەو قەرزانەی حکومەت وەکو "پێشینە" لای هاوڵاتیانە وتی: "حکومەتی هەرێم 3 ملیار دۆلار قەرزی پێشنەی لای هاوڵاتیانە، لەئێستادا سەرقاڵی ئەوەین داواکارییەک بۆ ئەنجومەنی وەزیران بنێرین تاوەکو ئەو قەرزانە کاتێک لەهاوڵاتی وەردەگیرێتەوە نە سودی دواکەوتنی بڕواتە سەر، نە بەسەر یەکەوە وەربگیرێتەوە". . وتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو قەرز نا بەڵکو "پابەندییەکی"ی لەسەرشانە ئەویش "پاشەکەوتی مووچە"ەی فەرمانبەرانە کە بڕەکەی 10 ملیار دۆلارە، بۆیە دەبێت بەگوێرەی دیراسە ئەو پارەیە بدرێتەوە". . هیڤیدار ئەحمەد، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان بێئاگایی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەو ڕێژە "قەرزی بیانی"یەی کە لەسەر شانی حکومەتی هەرێمە و دەبێت بدرێتەوە بەڵام زانیاری ئەوەی لایە تا مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەبەهای 4 ملیار دۆلار قەرزی تورکیا دەدرێتەوە، وتی : "کابینەی داهاتوو تەواوکەری ئەم کابینەیە دەبێت لەکوێ کارەکانی ئەم کابینەیە پەکی کەوتبێت ئەو گەشەی پێدەدات، قەرزەکان ئەنجامی شەڕو قەیرانی دارایی بوون بۆیە کابینەی داهاتوو پابەندی دانەوەیان دەبێت". . "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو قەرز نا بەڵکو "پابەندییەکی"ی لەسەرشانە ئەویش "پاشەکەوتی مووچە"ەی فەرمانبەرانە کە بڕەکەی 10ملیار دۆلارە" . بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی 2017 بۆ پەرلەمانی کوردستانی ناردوە ئاستی قەرزە کەڵەکەبووەکانی گەیشتووەتە 28 ملیار دۆلار، کە پێکهاتووە لە (قەرزە کەڵکەبووەکانی کابینەکانی پێشوو، قەرزی نەوت، قەرزی مووچە و پڕۆژەکان). . شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتیەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات تائێستا یەکەی کۆنترۆڵکردنی قەرز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دانەمەزراوە بەڵام ئێستا خواستێک هەیە بۆ دامەزراندنی بۆیە ڕێژەی قەرزەکان دیارنییە چەندە و وتی "لەهەموو حاڵەکان قەرز یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم کابینەی نوێدایە، بێگومان ئەو قەرزە بەو بڕە ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت لەبەردەم کابینەی نوێ". . ئەندامەکەی لیژنەی سامانە سروشتیەکان بڕوای وایە، سروشتی قەرزەکان بەجۆرێکە کوژاندنەوەیان ئاسان نییە و وتیشی: "قەرزەکان جۆراوجۆرن، هەندێکیان قەرزن ڕاستەوخۆ لەوڵاتان وەرگیران". . ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان کردوونی بەپێی لێکدانەوەی پسپۆڕان "قەرزی مەترسیدارن" بۆ هەرێمی کوردستان. . محەمەد ڕەئووف، پڕۆفیسۆری ئابوری ئاماژە بۆ ئەوە دەکات هەر وڵاتێک قەرز دەکات دەبێت مەرجی قەرزەکان ئەوە بێت بۆ بنیاتنانی پڕۆژەی ستراتیژی بێت، واتە ئەو قەرزە بەجۆرێک بێت پڕۆژەیەکی ستراتیژی بونیاد بنێت و لەداهاتوو سودی لێوەربگرێت، وتی:"ئەو قەرزەی هەرێمی کوردستان کردویەتی، قەرزی بەکاربەرین و قەرزی وەبەرهێنان نین، بۆیە سودیان بۆ هەرێم نییە". . "قەرز یەکێکە لەو ئاڵنگارییانەی لەبەردەم کابینەی نوێدایە، بێگومان ئەو قەرزە بەو بڕە ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێت لەبەردەم کابینەی نوێ" . محەمەد ڕەئووف، لەڕوانگەی سیاسەتی قەرزەوە خوێندنەوە بۆ دانەوەی قەرزەکان دەکات و دەڵێت:"هەرێم پابەندە بەدانەوەی قەرزەکان، چونکە قەرزەکان سیادین و لەئاستی حکومەت کراوون بۆیە کابینەی داهاتوو پابەندە لەسەرشانی قەرزەکانی کابینەی پێشووی بداتەوە". . بەگوێرەی زانیارییەکانی ناس کورد، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران یەکەیەکی دامەزراندووە بۆ کۆنترۆڵکردنی قەرزەکان لەڕوانگەی ئەو یەکە و ئێستا حکومەت سەرقاڵی دانەوەی بەشێک لە قەرزەکانی سەرشانیەتی. .