ناس کورد-
بەشێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایدەگەیەنن، هەرێمى کوردستان ئامادەیى دەربڕیوە بۆ ڕێکەوتن بەڵام نەگەیشتونەتە ڕێکەوتنى کۆتایى، ئەندامێکى تر هەمان لیژنە باس لەوەدەکات، داوا کراوە کێڵگە نەوتیەکانى هەرێم بدرێنە وەزارەتى نەوت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شاندى هەرێم دواى چوار رۆژ گفتوگۆ و کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەى دارایی و لایەنە عێراقییەکان لەبارەى پشکى هەرێم لە بوجە و دۆسیەى نەوتەوە، درەنگانى شەوى رابردوو گەڕانەوە هەرێم، بەبێ ئەوەى رێککەوتن لەگەڵ لیژنەکە رابگەیەنن.
ئیخڵاس دلێمى ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق (4ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا بۆ کەناڵى فەرمى عێراقییە کە "ناس کورد" بینیویەتى رایگەیاند "تائێستا نەگەیشتوینەتە ڕێکەوتن و هەرێمى کوردستان ئامادەیى پیشانداوە، وەفدى کوردى سەردانى لایەنە سیاسیەکانى کردوە و چەندین کاتژمێر لەگەڵ لیژنەى دارایى دانیشتوون".
وتیشى "داواى ئامادەبونى بەڕێوەبەرى چاودێرى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستانمان کرد، ناوبراو ئامادەبوو سەرجەم داتاکانى تایبەت بە مافەکانى هەرێم لە مەلەفە نەوتى و داهاتە نەوتیەکانى لەگەڵ خۆیدا هێنابوو".
لە گفتوگۆکانى شاندى هەرێم و لیژنەى دارایی چەندین بژاردە تاوتوێکران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ماددەکانى پەیوەست بە هەرێم لە پڕۆژەى بودجە، بەڵام رێککەوتن لەسەر هیچ بژاردەیەک نەکرا.
ئەحمەد مەزهەر جبورى ئەندامى لیژنەى دارایی دەڵێت "داوا کراوە هەرێمى کوردستان سەرجەم کێڵگە نەوتیەکان رادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق بکات و حکومەتى ناوەندى بەرپرسارێتى تێچوى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بگرێتە ئەستۆ".
هێماى بۆ ئەوەشکردووە، وەزارەتى نەوت خۆى بەشى بەکارهێنانى ناوخۆیى نەوت لە هەرێمى کوردستان دیارى دەکات.
تا ئێستا دیار نییە هەرێم و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەگەنە رێککەوتن یاخود نا، پێش ئەوەى پڕۆژەى بودجە بخرێتە دەنگدانەوە، کە چاوەڕوادەکرێت لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوودا بێت.
حەسەن کەعبى جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێڕاق دەڵێت وەفدەکانى هەرێم دەستپێشخەریەکى باشیان پێشکەش کردوە بۆ کۆتایى هێنان بە کێشەکانى نێوان هەردولا. بەبێ ئەوەى وردەکاریی بخاتەڕوو.
وتیشى چەند کێشەیەک هەیە تایبەت بە ژمارە و لایەنى هونەرى، وەک ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم و ئالیەتى کۆنترۆڵکردنى دەروازە نایاساییەکان، پێموایە تائێستا گفتوگۆکان بەباشى بەڕێوە دەچن.