گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

یەکەم لێدوانى نوسینگەى قادر عەزیز لەبارەى تەقەکردن لە ئەفسەرەکەى سلێمانى

2021.02.04 - 15:16
App store icon Play store icon Play store icon
یەکەم لێدوانى نوسینگەى قادر عەزیز لەبارەى تەقەکردن لە ئەفسەرەکەى سلێمانى

ناس کورد- 

سەرچاوەیەک لە نوسینگەی قادر عەزیز ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى رونکردنەوە لەبارەى رووداوى تەقەکردن لە ئەفسەرەکەى سلێمانى دەکات و دەڵێت ئەفسەرەکە "دووجار میلی  دەمانچەی لە کوڕەکەی قادر عەزیز هێناوەتەوەو هەڕەشەی کردووە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە گەڕەکی بەرانانی سلێمانی تەقە لەماڵى ئەفسەرێکى بەرگرى و فریاکەوتن کرا و دواتریش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تەقەکەرەکە کوڕى قادر عەزیزە.

 

لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە نوسینگەی قادر عەزیز  لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" وتی "ئەوەی باس کراوە لەبارەی ئەو ڕووداوە دوورە لە ڕاستییەوەو کوڕەکەی کاک قادر لەکاتی ڕۆشتن بووە بۆ هۆڵی یاریکردن لە ڕیگا ئەم ئەفسەرە کە سێ پاسەوانی لەگەڵ بووە دەستی شکاندووەتە سەری و دواتر دەنگە دەنگ دروستبووەو لە ناو ئۆتۆمبێلەکەوە".

 

وتیشى "ئەو ئەفسەرە میلی دەمانچەی هیناوەتەوەو هەڕەشەی کردووە دواتر ڕۆشتوون، بەڵام لەکاتی گەیشتنی بە هۆڵی یاریکردن کوڕەکەی قادر عەزیز دابەزیوەو ئەوانیش هاتوون و جارێکی دیکە میلی دەمانچەیان لێهێناوەتەوەو هەڕەشیان لێکردووە بەڵام لەلایەن خەڵکەوە لە یەکتر دوور دەخرێنەوە".

 

بەوتەى سەرچاوەکە "دواتر هاوڕێکانی لە هۆڵەکە چوونەتە خوارەوەو دوای ڕۆیشتنەوەی بۆ ماڵەوەو هاتنەوەی لەگەڵ چەند کەسێکی هاوڕێی خۆی تاوەکو لەو گەڕەکە بەدواداچوون بۆ کامێراکانی چاودێری بکەن تاوەکو بزانن ئەفسەرەکە کێییە لەگەڵ ژمارەیەک پاسەوانی دێتە دەرەوەو تەقەیان لێدەکات و دواتر بەهۆی هاتنە دەرەوەی ژن و منداڵ ئەوان دەیانەوێت ئەو شوێنە بەجێبهێڵن و لەکاتی ڕۆشتنیان یەک دوو فیشەک دەتەقێنن".

 

لەبارەی ئەوەی دەوترێت ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بەجلوبەرگی سەربازییەوە بوون، سەرچاوەکە وتی "کەسێکی لەگەڵ بووە کە جلی سەربازی لەبەر بووە ئەوەش تاوەکو لەلایەن ئەو ماڵانەی کامێرای چاودێرییان هەیە هاوکاری بکرێن و وێنەکانیان نیشانبدەن".

 

ئەو سەرچاوەیەی نوسینگەی قادر عەزیز باسی لەوەشکرد، چاوەڕوانی بەدواداچوونەکانی دەزگا ئەمنییەکان دەکەن و لەسەر ڕووداوەکەش و پارێزەرەکەیان ڕوونکردنەوەى زیاتر دەدات.


ئەوە لەکاتێکدایە، موقەدەم شێخاڵ محەمەد ئیبراهیم ئەحمەد ئەفسەری بەرگری و فریاکەوتن (4ی شوباتی 2021) لەبارەی تەقەکردن لێی، لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا کە "ناس کورد" لە ماڵەکەی خۆیدا لەگەڵی ئەنجامیدا ڕایگەیاند، "دوای ئەوەی دوێنێ ئۆتۆمبێلێک دەستی شکاندەوە سەرمان دواتر ئێمە لەبەر دەرگای خۆمان دابەزین و ئەویش بەدوامانەوە بوو دواتر ڕۆیشت و دوای گەڕانەوەی سێ ئۆتۆمبێلی دیکەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە نزیکەی 15 چەکداری تێدابوو دابەزین و تەقەیان لێ کردین و هێرشیان کردە سەرمان".