گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مادەی140 سەرلەنوێ دەخرێتەوە سەر مێزی سیاسی عێراق

2019.05.27 - 14:06
App store icon Play store icon Play store icon
مادەی140 سەرلەنوێ دەخرێتەوە سەر مێزی سیاسی عێراق

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس كورد- لەگەڵ ئاسایبوونەوەی دۆخی پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە بە بەردەوامی بەرەو هەڵکشان دەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گرنگی دەزانێت لەم كات و ساتەدا هەوڵەكانی بۆ یەكلایكردنەوەی پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان چڕبكاتەوە. . بەبۆچوونی هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان ئێستا كاتێكی لەبار و گونجاوە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140،  هۆكاری گەڵاڵەبوونی ئەو جۆرە بۆچوونەش بە شێوەیەكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ باشبوونی دۆخی ناوخۆی هەرێم، بە تایبەتی دوای سازانی هەر سێ‌ پارتە سەرەكیەكە (پارتى، یەکێتى، گۆڕان) لەسەر بەرنامەی سیاسی و ئیدارەدانی ئەو حكومەتە، هەروەها پەیوەندی ئەرێنی نێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی و بەرپرسانی كورد هۆكارێكی دیكەی ئەو بۆچوونەیە. . دوای ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە نامەیەكیدا داوای لە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش كردبوو، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە سەرپەرشتیكردن و نێوەندگیری دانووستانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان سەبارەت بەجێبەجێكردنی مادەی 140. . جینین هێنس نێردەی تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراقدا رایگەیاند"پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان لەئایندەیەكی نزیكدا هەنگاوی باش دەنێت لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستاندا، چاوەڕێ دەكرێت كابینەی نوێى  حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت بۆ ئەوەی دەستبكرێت بە ڕێكارەكان". . مادەى 140 مادەیەکى دەستورییە و لە ساڵى 2003 بۆ چارەسەرکردنى پرسى کەرکوک دانراوە بۆ ئەو ناوچانەى کە بە ناوچەى کێشە لەسەر ناسراوون و کورد داواى جێبەجێکردنى دەکات و عەرەب و تورکمان پێى رازى نین. . رووداوى سوتاندنى دەغڵودانى جوتیارە کوردەکان لە شارى کەرکوک و خانەقین حکومەتى هەرێمى کوردستانى هێنایە دەنگ و جگە لە سەرکۆنەکردنى بە پلانێکى داڕێژراو لەقەڵەمدا و پارێزگارى کەرکوکیشى بە تێوەگلان لەو پلانە تۆمەتبارکرد، پاڵنەری ئەنجامدانی ئەم كارەشی گەڕاندەوە بۆ گوڕینى دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە و لێدانی بنكەی كۆمەڵایەتی ڕەسەنی ئەو ناوچانە.   هێرشكردنی عەرەبە هاوردەكانی ناوچەی سەرگەڕان لە كەركوك دۆخەكەی زیاتر ئاڵۆزتر كرد، تاوایكرد نوێنەرانی كورد لە فراكسیۆنە جیاوازەكان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی كۆببنەوە و داوای لێ بكەن ڕێكارەكان بگرێتە بەر بۆ جێبەجێكردنی مادەی140 و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانى نێوان هەولێر و بەغدا، لە 22ی ئەم مانگەش مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كوردستان و بەربژێر بۆ سەرۆكایەتی كابینەی نوێى‌ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ "ستیف ماگی" كونسڵی گشتی ئەمریكا لەهەرێم كۆبوەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو دۆخە هەستیارەی كە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تێدا دەگوزەرێت. . بە دیدی كورد مادەی 140 شەرعیەتێكی تەواوى هەیە و توانای چارەسەری كێشەی مێژووی ناوچە كێشە لەسەرەكان دەكات، ڕێگە چارەشە بۆ كوژاندنەوەی ئاگری ململانێ نەتەوەییەکانی نێوان كوردو توركمان و عەرەب لەناوچەكەدا، بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت هەردوو نەتەوەی توركمان وعەرەب بە پێچەوانەی دیدی كورد بیردەكەنەوە و ئەو مادەیە بە مادەیەكی مەترسیدار دادەنێن بۆ سەر بوونیان لە ناوچەكە و لەو بڕوایەدان جێبەجێکردنى مادەکە دەبێتە هۆكاری زاڵبوونی كورد بەسەریان. .