ناس کورد-
سەرۆک وەزیرانى عێڕاق رایگەیاند، ئەوەى بەلاى منەوە گرنگە ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و دادپەروەرانەیە و پێویستە هەموومان لەو بارەیەوە هاوکاربین.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیران و فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق (3ى شوباتى 2021) لەمیانەى پێشوازیکردن لە لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە وتەیەکدا ئاماژەى بەوە کرد، هاتین بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و ئەوەى بەلامەوە گرنگە ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى دادپەروەر و پاکە.
ڕونیشیکردەوە، قەیرانە سیاسیەکان لە جیهاندا هەموویان لە کێشەکانى هەڵبژاردنەوە دێن، پێویستە هەموومان هاوکار بین لە سەرخستنى پرۆسەى هەڵبژاردن.
سەرۆک وەزیرانى عێڕاق لە بەشێکى ترى قسەکانیدا باسى لەوەکرد: لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەم سیستمەوە هەندێک هێز ڕۆڵیان بینى و بوونە هۆى ئەوەى عێراق ببێتە مەیدانى یەکلاکردنەوەى کێشمەکێشەکان، بەهۆى ئەوەشەوە خەڵکى زۆرمان لەدەستدا، عێراق چەندین ساڵە لە شەڕدا دەژى، شەڕى ناوخۆیى نەبوو بەڵکو گروپەکان دەستیان کرد بە دروستکردنى وەهم و ڕفاندنى نازناوە ئایینی و نیشتمانیەکان بۆ بەکارهێنانى تا ئەجێندا سیاسیەکانیان دژى عێراق جێبەجێ بکەن.
کازمى جەختیلەوەشکردەوە، هێزە ئەمنیەکان توانایان هەیە و دەتوانن ڕوبەڕوى ئاڵنگاریەکان ببنەوە، بەڵام پێویستیان بە پشتگیرى و پاراستن و مانەوەیانە بە پیشەییانە، بۆیە پێویستە بارودۆخى سیاسى کاریگەرى لەسەر بارودۆخى ئەمنى نەبێت و دەزگا ئەمنیەکان سەربەخۆبن تا ڕوبەڕوى فشار نەبنەوە.