گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پارتى کاندیدى پارێزگارى هەولێرى یەکلایى کردەوە

2021.02.02 - 14:12
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى کاندیدى پارێزگارى هەولێرى یەکلایى کردەوە

ناس کورد- 

پارتى دیموکراتى کوردستان کاندیدى پارێزگارى هەولێرى یەکلایى کردەوە و ئومێد خۆشناو دەکرێتە پارێزگار. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە پارتى کە نەویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت (2ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، کاندیدی پارێزگاری هەولێر یەکلایی کراوەتەوەو ئومێد خۆشناو کە ئێستا سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییە لە پەرلەمانی کوردستان وەک تاکە کاندیدی پارێزگاری هەولێر دیاریکراوە.

 

ناس کورد پەیوەندى بە ئومێد خۆشناوەوە کرد، بەڵام رەتیکردەوە کە هیچ قسەیەک لەو بارەیەوە بکات.

 

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ لەسەر لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک کە  "ناس کورد" بینیویەتى نوسیویەتى ئەمڕۆ لەگەڵ مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى کۆبووەتەوە  و وێنەکەشى بڵاوکردووەتەوە.

May be an image of one or more people, people sitting and indoor

زیاتر لە دوو مانگە پۆستى پارێزگارى هەولێر بە چۆڵى ماوەتەوە، دواى کۆچى دوایی فرسەت سۆفی پارێزگار شارەکە لە (18 تشرینی دووەمی 2020) بەهۆى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا.  

 

(ڕۆژی 26ی کانونی دووەمی 2021) کەنعان خەیلانی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ"ناس کورد" ڕایگەیاند "خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستەکە بە دوو ڕێگا دەکرێت، یەکێکیان یاساییە و بەهەموو هاوڵاتییەکی هەولێر و ئەندامانی ئەنجومەن دەدرێت خۆیان کاندید بکەن، دووەمیشیان دیاریکردنی پارێزگارە لەلایەن پارتی یەوە بەو پێیەى  پشکی ئەو حزبەیە".  

 

  وتیشی "لە ئێستادا چاوەڕێی سەرکردایەتی پارتی دەکەین بۆ دیاریکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکە، پێشبینی دەکەین لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە".  

 

جەختیشیکردەوە "لەبەرئەوەى هەولێر پایتەختە و شارێکی گەورەیە، دەبێت بەوردییەوە ئەو بابەتە یەکلایی بکرێتەوە ئەوەش ئەرکی سەرکردایەتی پارتی و سەرۆکایەتی حکومەتە".   

 

عەلى رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر (23ی کانوونی یەکەمی 2020) رایگەیاندبوو، ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ھەرێم و پارتی کاندید بۆ پۆستى پارێزگارى شارەکە دیاریدەکەن وهەر کاندیدێک پارتى پشتیوانى نەکات سەرناکەوێت.