گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دارایی پەرلەمان وادەی یەکلاییکردنەوەى پشکی هەرێمی لە بودجەدا ئاشکرا کرد

2021.02.01 - 20:19
App store icon Play store icon Play store icon
دارایی پەرلەمان وادەی یەکلاییکردنەوەى پشکی هەرێمی لە بودجەدا ئاشکرا کرد

ناس کورد-

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا، پرسی پشکی هەرێم و گرێبەستەکان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021دا یەکلایی دەکرێنەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

ئەحمەد سافار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراقییە کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (1ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "چەند هەنگاوێکی ئەرێنی نراون لەبارەى پشکی هەرێم و گرێبەستەکان، بەڵام ئێستا ناتوانین وردەکارییەکەی بخەینەڕوو."

 

دەشڵێت، "لیژنەی دارایی گفتوگۆی سەرجەم بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی کردووە و لەئێستادا گفتوگۆی بڕگە زیادکراوەکان دەکات، بۆ هەموو ئەوانەش 37 دانیشتن و 150 میوانداری کردووە."

 

هاوکات وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، شاندی حکومەتى هەرێم لە سەردانەکەى بۆ بەغدا سەرجەم داتاکانی لەبارەی کەرتی نەوت و داهاتەکان خستووەتەڕوو.  

  

جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان (1ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى دوپات کردەوە بەهەر ئیلتزامێک کە لەچوارچێوەی دەستووردا هاتووە.  

  

وتیشى، حکومەتى هەرێم سەرجەم داتاکان سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە. ئەو بابەتانەی حکومەتی عێراقی یان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێویستی پێ هەبووە، ئێمە بۆمان باس کردوون و گفتوگۆمان لەسەر کردووە، ناڵێم سەدا سەد، بەڵام خۆشبەختانە گەیشتووینە کۆتایی ئەم گفتوگۆیە.  

  

جوتیار عادل هیواى خواست پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە، لە پەرلەمان تێپەڕێت و دەنگی لەسەر بدرێت.  

  

لەئەگەرى رێکنەکەوتنیش لەگەڵ بەغدا وتەبێژى حکومەتى هەرێم پلانەکانى حکومەتى ئاشکرا کرد و وتى، "ئەگەر ئەم یاسایە تێنەپەڕی، بێگومان حکومەتی هەرێم پلانی خۆی هەیە، لە کۆتایی ساڵی 2020 بەڕێز سەرۆکی حکومەت وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپاردووە یاسای بودجە دابنرێت، ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە بەپێی؛ ئەو داهاتەی حکومەت هەیەتی بە پشتبەستن بە بەو میکانیزمانەی پەیوەستن بە بابەتی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی داهاتەکان... ئەگەر نەتوانرا ئەم یاسایە (یاسای بودجەی 2021ـی عێراق) تێپەڕێنرێت، بێگومان بەدیلی دیکە هەیە".