گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕێکخراوەکەى هادى عامرى لەسەر ’’هەڵوەشاندنەوەى پێشمەرگە’’ ڕوونکردنەوە دەدات

2021.02.01 - 19:02
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێکخراوەکەى هادى عامرى لەسەر ’’هەڵوەشاندنەوەى پێشمەرگە’’ ڕوونکردنەوە دەدات

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ڕێکخراوی بەدری سەر بە هادی عامری ڕەتیکردەوە داوایان کردبێت هێزەکانی پێشمەرگە هەڵبوەشێنرێتەوە یاخود ژمارەیان کەم بکرێتەوە و جەخت دەکاتەوە کە "تەنها ویستوویانە ژمارەی تەواوی ئەو هێزانە بزانن بۆ ئەوەی پشکی خۆیان لە بودجە بە دادپەروەرانە وەربگرن."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەبو میساق ئەلمساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕێکخراوی بەدر (1ی شوبات 2020) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "هێزی پێشمەرگە نیشتیمانییە و بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و ڕۆڵی بەرچاوەی هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش و قوربانی زۆریشیانداوە".

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە

 

وتیشی، "داوای هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگە یان کەمکردنەوەی ژمارەکانیانمان نەکردووە، بەڵکو تەنها داوامانکردووە هەرێمی کوردستان لیستێکی شەفاف و ڕاست و دروست بە ناو و ژمارەکانیان ڕادەستی بەغدا بکات بۆئەوەی پشکی ڕاستەقینەی خۆیان لە بودجەی 2021دا پێ بدرێت، هاوشێوەی هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق".

 

لێدوانەکەی ئەلمساری لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ( دووشەممە 1ی شوباتی 2021) لە ڕاپۆرتێکى دەنگى ئەمەریکا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆکردووە، ئاماژە بەوەکراوە بەشێک لە لایەنە عێراقییەکان تاوتوێى پرسی کەمکردنەوەی ژمارەی هێزی پێشمەرگە یاخود هەڵوەشاندنەوەیان کردووە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، هەفتەی ڕابردوو، جگە لەڕەوتی سەدر وتەیاری حیکمە، سەرجەم لایەنە شیعیەکان لە شاری بەغدا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان، هێنانە پێشەوەی داواکاری هەڵوەشاندنەوە یاخود کەمکردنەوەی ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە وهەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم بووە لە وڵاتان. 

 

عەلی حوسەینی، وتەبێژی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی و بەرپرس لە هێزەکانی ڕێکخراوی بەدر ڕەخنەی لە هەرێمی کوردستان گرت بەوەی کە 400 هەزار پێشمەرگەی هەیە، کەچی لەکاتی گرژی و ئاڵۆزی و فشارەکانی سەریدا، داوای هێز وهاوکاری لە عێراق دەکات. 

 

وتیشی، "هەرێم هەرێمە، خۆ دەوڵەت نییە، 400 هەزار پێشمەرگەی بۆچیە، هەرێم سێ پارێزگایە، هەر پارێزگایەک و 50 هەزار پێشمەرگەی هەبێت، زۆریشە." 

 

هەر بەپێی راپۆرتەکە، جیاواز لە کۆبوونەوەی لایەنە شیعیەکان، هەر هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق کە زۆربەی ئەندامەکانی سەربە لایەنە شیعیەکانن، لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار کۆبوونەتەوە، داوای هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیان کردووە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بۆشایی ئەمنیان تێدایە و داعش بۆشاییەکانی قۆستوەتەوە.  

  

لیوا محەمەد ڕێگر کە فەرماندەیەکی باڵای پێشمەرگەیە پێیوایە داواکاری عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێشمەرگە و دژایەتیکردنی نوێ نییە، بەڵکو دەمێکە باسی دەکەن، وتی، "پێشمەرگە نە ئەوان دروستیانکردووە و نە ئەوانیش خاوەنین، تا بەوان هەڵبوەشێتەوە."  

  

لە وەڵامی وتەبێژەکەی حەشدی شەعبیشدا، لیوا محەمەد دەڵێت، "بە پێچەوانەوە، نەک هەرێم، بەڵکو ناوچەی سەوزی بەغداش کە سەرۆکایەتی کۆمار و حکومەت و پەرلەمانی تێدایە، هێزە کوردیەکان دەیپارێزن، بەڵام ئەوان چاویان بە پێشمەرگەدا هەڵنایەت."