ناس کورد-
وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم لەبارەی زیادکردنی نرخی کارەبای نیشتیمانی ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت، بەرزکردنەوەی نرخی کارەبا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە، هەرکات دۆلار دابەزی نرخەکان کەمدەکەنەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێنمایی یەکی سالی 2021ی وەزارەتەکەی بڕیاریدا بە گۆڕانکاری بڕیاری ژمارە یەکی سالی 2019 لەبارەی پێدانی وزەی کارەبا تایبەت بە نرخەکانی یەکەی کارەبا،
ئومید ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد"، (دووشەممە 1ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "زیادبوونی نرخی یەکەکانی کارەبا بە ڕێنمایی ژمارە 1ی ساڵی 2021-ە و هەرکات لە ڕۆژنامەی وەقائیع بڵاوکرایەوە دەست بەجێبەجێکردنی دەکرێت."
وتیشی، " ئەم زیادکردنەی لە نرخی کارەبا ڕوویداوە لە دەرەوەی خواستی وەزارەتی کارەبا بووە و سەرجەم سێکتەرەکانی دیکەی گرتووتەوە و هۆکارەکەشی زیادبوونی نرخی دۆلار بوو بەرانبەر دینار و ئەوەش کاریگەری لەسەر زیادبوونی پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا هەبووە، ئەگەر نا حکومەت بەردەوام بڕوای بەوە هەبووە کارەبا بە پاڵپشتی 70% لەسەر هاووڵاتیان هەژمار بکرێت وەکو لە ڕابروو کردوویەتی."
لەسەر زیاد کردنەکە وتەبێژی وەزارەتی کارەبا نمونەی هێنایەوە بۆ ئەوەی، لە ئیستادا ماڵێک کە کارەبای نیشتمانی بەکاردەهێنێت، ڕێژەی یەکەمی 15 دینار بووە ئێستا کراوەتە 18 دینار، واتە زیادکردنێکی کەمە، دەشڵێت، "زیادکردنی نرخی یەکەکانی کارەبا پەیوەندی بە پێوەری زیرەکەوە نییە و هەرکاتیش نرخی دینار بەرانبەر دۆلار بەرزبکرێتەوە نرخی یەکەکانی کارەباش کەمدەکریتەوە."
سەبارەت بە کاریگەری زیادکردنی نرخەکان لەسەر زیادبوونی ماوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی، ڕوونیکردەوە، "ئەگەر زیادکردنەکە ببێتە هۆکاری کەمبوونەوەی بەکارهینانی ئامێرە کارەباییەکان و کەمبوونەوەی خواست لەسەر کارەبا بێگومان کاتژمێرەکانی پێدانی کارەباش زیاد دەکات،
جەختیشیکردەوە، "زیادبوونی نرخی کارەبا و هەر زیادکردنێکی دیکەش لە سێکتەرە جیاوازەکان دەبێتە بارگرانی و لە بودجە و توانای دارایی هاووڵاتیان، بەڵام زیادکردنەکە لەدەرەوەی خواستی وەزارەتی کارەبایە."