گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری

عێراق و هەرێم لە ژمارەی دانیشتووانیشدا ناکۆکن

2021.02.01 - 13:45
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق و هەرێم لە ژمارەی دانیشتووانیشدا ناکۆکن

ناس کورد-

یەکێک لەگرفتەسەرەکیەکان ئەنجام نەدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانە لەکات و ساتی خۆیدا کەئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ نەبون و دەستنەخستنی ئاماری وردو متمانەپێکراو لەعێراق بەگشتی وهەرێمی کوردستان بەتایبەتی

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

هەرێمی کوردستان و بەغدا جگە لە ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی بودجە و نەوت لە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمیشدا ناکۆکن و بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی ئاماری هەرێم ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بەراورد بە ئاماری عێراق 700 هەزار کەس زیاترە.

 

 

بەپێی پێشبینیەکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ کۆتایی ساڵی 2020 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە شەش ملیۆن و 171 هەزار و 83 کەس خەمڵاندووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان  پێنج ملیۆن و 450 هەزار کەسە.

 

 

بە پشت بەستن بەو ئامارانە، واتە جیاوازی نێوان هەردوو ئامارەکە، زیاترە لە 721 هەزار کەس.

 

 

 

 

دابەشبوونی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکان بەگوێرەی ئامارەکەی هەرێم:

 

 

ــ هەولێر ( 2 ملیۆن و254 هەزارو 422 )کەس . 

 

ــ سلێمانی ( 2 ملیۆن و 152 هەزارو 717 )کەس. 

 

ــ دهۆک ( ١ ملیۆن 648 هەزارو 611 )کەس . 

 

ــ هەڵەبجە ( 115 هەزار و 333 ) کەس . 

 

  دابەشبوونی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکان بەگوێرەی ئامارەکەی عێراق:

 

 

 

 

 

ــ هەولێر( ١ ملیۆن و 900 هەزار) کەس . 

 

ــ سلێمانی (٢ ملیۆن و250 هەزار) کەس. 

 

ــ دهۆک  (١ ملیۆن و 300 هەزار) کەس . 

 

لەوبارەیەوە سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم (دووشەممە 1ی شوباتی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو جیاوازییە ئەوەیە کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بەشێک لە قەزا و ناحییەکانی داخڵ نەکردووە، بە نمونە سەرجەم دانیشتووانی قەزای مەخمور، وەک ناحیەی فایدە، وەک بەردەڕەش، هەروەها لە قەزای شێخان تەنها ناحیەی ئەتروش داخڵ کراوە."

 

وتیشی، "هەرچەندە ئەوە نابێتە هۆی دروستبوونی ئەو جیاوازییە زۆرە، بەڵام جیاوازییەک هەیە لەنێوان شێوازی پێشبینییەکانی ئێمە و ئەوان، بەوپێیەی ئەوان شێوازی گەشەی دانیشتووانیان بەشێوەیەک کردووە و ئێمەش بە جۆرێکی دیکە کردوومانە."

 

ڕوونیشیکردەوە، "ئەگەر ئەو ناوچانە ئەژمار بکرانایە، ڕەنگە جیاوازییەکە کەمبوایەتەوە بۆ 150 هەزار کەس و ئەوەش جیاوازییەکی زۆر نییە."

 

لە هەرێمی کوردستان زۆر جار لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان باس لە ساختەکاری و بەکارهێنانی ناوی مردووان دەکەن بۆ دەنگدان لە بەرژەوەندی حزبەکانی دەسەڵات.

 

سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێم ئاماژەی بەوەکرد، "ئەوە پەیوەندی بە دەستەی ئامارەوە نییە، ئێمە بەپێی ڕاپۆرتی پێشبینییەکانمان دەڵێین، ئەوەندە لەدایکبوون و ئەوەندە مردن هەیە، بەڵام بە ژمارە و ناو داخڵی ناکەین."

 

باسی لەوەشکرد، "ئەوە بەڕێوەبەرایەتیی ناسنامە و پاسپۆرت ژمارەکان تۆماردەکات و  هەڵبژاردنیش پشت دەبەستێت بە نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری لە ڕێگەی فۆڕمی خۆراکەوە."