ناس کورد-
وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، وەفدى حکومەتى هەرێم لە سەردانەکەى بۆ بەغدا سەرجەم داتاکانی لەبارەی کەرتی نەوت و داهاتەکان خستووەتەڕوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جوتیار عادل، وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان (1ى شوباتى 2021) لە لێدوانێکى تەلەفزیۆنیدا کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە پابەندبوونى حکومەتى هەرێمى دوپات کردەوە بەهەر ئیلتزامێک کە لەچوارچێوەی دەستووردا هاتووە.
وتیشى، حکومەتى هەرێم سەرجەم داتاکان سەبارەت بە کەرتی نەوت و داهاتەکانی خستووەتەڕوو و بەشێوەیەکی زۆر یاسایی گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە کراوە. ئەو بابەتانەی حکومەتی عێراقی یان لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێویستی پێ هەبووە، ئێمە بۆمان باس کردوون و گفتوگۆمان لەسەر کردووە، ناڵێم سەدا سەد، بەڵام خۆشبەختانە گەیشتووینە کۆتایی ئەم گفتوگۆیە.
جوتیار عادل هیواى خواست پڕۆژە یاساى بودجەى عێراق بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە، لە پەرلەمان تێپەڕێت و دەنگی لەسەر بدرێت.
لەئەگەرى رێکنەکەوتنیش لەگەڵ بەغدا وتەبێژى حکومەتى هەرێم پلانەکانى حکومەتى ئاشکرا کرد و وتى "ئەگەر ئەم یاسایە تێنەپەڕی، بێگومان حکومەتی هەرێم پلانی خۆی هەیە، لە کۆتایی ساڵی 2020 بەڕێز سەرۆکی حکومەت وەزارەتی پلاندانان و دارایی راسپاردووە یاسای بودجە دابنرێت، ئێستاش پرۆسەکە بەردەوامە بەپێی؛ ئەو داهاتەی حکومەت هەیەتی بە پشتبەستن بە بەو میکانیزمانەی پەیوەستن بە بابەتی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی داهاتەکان... ئەگەر نەتوانرا ئەم یاسایە (یاسای بودجەی 2021ـی عێراق) تێپەڕێنرێت، بێگومان بەدیلی دیکە هەیە".