ناس کورد-
بەگوێرەی سەرچاوە کەشناسییەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی پێنجشەممەوە شەپۆلێکی بەهێز و شێداری بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو ڕۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی (دووشەممە 1ی شوباتی 2021) ڕایگەیاند، "پێشبینی دەکەین لە شەوی پێنجشەممە لەسەر ھەینی 5ی شوبات شەپۆلێکی شێدار و بەھێزی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " سەرچاوەی شەپۆلەکە دەریای سووری عەرەبی دەبێت و رێژەیەکی زۆر شێی لەگەڵ دەبێت و دەبێتەھۆی دابارینی پچڕ پچڕی بەخوڕی بارانبارین و ھاوکات تەرزە بارین."
ڕوونیشیکردووەتەوە، " کاریگەری ئەو شەپۆلە تا ئێوارەی رۆژی شەممە 6ی شوبات بەشێوەیەکی پچر پچر بەردەوامی دەبێت."
ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەشکردووە، " چەقی ئەو شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە دەبێت بە کاریگەری نیمچە بەھێزیش لەناوچەکانی ئیدارەی راپەرین، گەرمیان و کەرکوک بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر و دھۆک بەگشتی لاواز بۆ مامناوەند دەبێت."