گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’گفتوگۆى زۆر جدیی’

شاندى هەرێم ’دوو بژاردە’ دەخاتە بەردەم بەغدا

2021.01.31 - 20:40
App store icon Play store icon Play store icon
شاندى هەرێم ’دوو بژاردە’ دەخاتە بەردەم بەغدا

ناس کورد-

شاندى هەرێمى کوردستان گەیشتە بەغدا بۆ تەواوکردنى دانوستانەکان لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمان لەسەر پشکى هەرێم لە بودجە، پێش ئەوەى پڕۆژەکە لەپەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

بڕیارە ئەمشەو شاندەکە کە لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، کۆبوونەوەیەکى "گرنگ" لەگەڵ لیژنەى دارایی ئەنجام بدات و پرسەکە یەکلایی بکەنەوە.

 

د.ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژیی كوردستان کە ماوەیەک راوێژکارى دارایی ئەنجومەنى وەزیران بووە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنى فەرمى پارتى کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە وتى "دوایین شت کە لیژنەى دارایی داوایدەکات نامەنتیقییە و گەڕانەوەى عێراقە بۆ عەقڵیەتى ناوەندى".

 

وتیشى "چاوەڕوان دەکەین ئەمشەو گفتوگۆکان زۆر جدى بن، بەڵام ئەوەى کە ئەوان داواى دەکەن لەبارەى رادەستکردنى دۆسیەى نەوت لەدەرەوەى دەستورە".

 

بەوتەى ئاراس خۆشناو، دوو بژاردە لەلایەن شاندى هەرێمەوە لەبەردەم شاندى عێراق واڵادەکرێت، یان ئەوەتا داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوت، یان 250 هەزار بەرمیل و نیوەى داهاتى فیدراڵیەکان.

 

پێشتر "ناس کورد" لەزارى چەند سەرچاوەیەکی ئاگاداری دانوستانەکانەوە ئاشکرایکرد، هەرێمی كوردستان ئامادەیە بڕی دیاریكراوی نەوت لە ڕەشنوسی بودجە  كە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە "چ بە نەوتی خاو یاخود بەهاكەی ڕادەست بكات" و لەمەدا خۆی یەكلایی كردووەتەوە.       

  

هەر بەپێی زانیارییەکان، سەبارەت بە ڕادەستكردنی كۆی نەوت یان دۆسیەی نەوت بە بەغدا کە یەکێکە لە پێشنیازەکانی بەغدا، حكومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەوە پرسێكی سیادی و دەستورییە و لە ئەرك و بڕیاری ئەم گەورەترە، جگە لەوەش لە سەرچاوەكانی نزیك لە سەرۆكی حكومەتەوە چەند جارێك ڕەتكردنەوەی ڕاگەیەنراوە.      

  

هاوکات ئەمرۆ کۆبونەوەی ژمارە 36ی لیژنەی دارایی سەبارەت بە بودجەی 2021ی عێراق بەرێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا پەرلەمانتارە سوننەكان و شیعەكان دوو پێشنیاری نوێیان پێشكەش كردووە لەبارەی نەوتی هەرێمی كوردستان.     

  

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران، هوشیار عەبدوڵڵا، لە بەیاننامەیەكدا كە وێنەی دراوەتە "ناس كورد"  ڕایگەیاند لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی (31 كانونی دووەمی 2021) سەبارەت بە بودجەی 2021 دوو هەڵوێستی نوێ هەبوون:    

  

یەک: کوتلە سونییەکان بە فەرمیی پێیان راگەیاندین هەر دەقێک ئێوە وەک کورد ئیتیفاقتان لەبارەوە کرد ئێمە پشتیوانتان دەبین .    

  

دوو: بەشێک لە کوتلە شیعیەکان ڕایەکی نوێیان سەبارەت بە نەوت و پشکی هەرێم خستە روو، بە گوێرەی ئەو دەقە نوێیە، عێراق لە بەندەری جیهان هەمو نەوتی هەرێم وەربگرێ، بۆ کرێی کۆمپانیا و گواستنەوە و مەسرەفەکانیی تر، بڕێک لەو نەوتە بدەنەوە بە هەرێم خۆی بیفرۆشێ، واتا کۆی نەوتەکە بە نەوت وەربگرن، کرێی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکەش بە نەوت بدەنەوە هەرێم.    

  

سەبارەت بەڕای پەرلەمانتارە كوردەكانیش هوشیار عەبدوڵڵا، نووسیویەتی"رای ئێمە پشتیوانیکردنە لەو دەقەی کە لە حکومەتەوە هاتوە وەک خۆی".