گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە گەشتەوە بۆ زیندان

’’گەشتێک بۆ دۆزەخ’’.. چیرۆکی سەرکێشیی گەنجێکی ئەمەریکی

2021.01.31 - 16:08
App store icon Play store icon Play store icon
’’گەشتێک بۆ دۆزەخ’’.. چیرۆکی سەرکێشیی گەنجێکی ئەمەریکی

 ناس کورد-

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریکی باس لە چیرۆکێکی مەترسیداری گەشتیارێکی گەنجی ئەمەریکی دەکات، کاتێک دەیەوێت گەشت بە 193 وڵاتی جیهاندا بکات، بەڵام لە 183هەمین وڵاتدا کاتێک چووە سوریا بە تۆمەتی سیخوڕیکردن کەوتە زیندانەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سام جۆدوین، گەنجێکی ئەمەریکی تەمەن 32 ساڵ بوو، پێش چەند ساڵێک بڕیاریدا واز لە کارەکەی لە سەنگاپورە بهێنێت و گەشتێکی جیهانی بۆ 193 وڵات ئەنجام بدات.

 

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "وۆڵ ستریت جۆڕناڵ" ئەو گەنجە کاتێک گەیشتە وڵاتی سوریا، تەنها 10 وڵاتی لەبەردەمدا مابوو بۆ ئەوەی خەونەکەی بەدی بێنێت و گەشتە دوورودرێژەکەی کۆتایی بێت، بۆ ئەوەشی بچێتە باکوری وڵاتەکە "ڕۆژئاوای کوردستان" کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدایە، ڕۆژنامەنوسێکی  کوردی عێراقی بەکرێ گرتووە بۆ هاوکاریکردنی.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سام لە 25ی ئایاری 2018دا لە شاری قامیشلوی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا بووە، بەڵام ئەو گەشتیارە ئەمریکییە، بەهۆی ئەوەی ئامۆژگارییەکانی پشتگوێ خستووە و چووەتە ئەو گەڕەکانەی کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریادا بوون، ژیانی کەوتووەتە مەترسییەکی گەورەوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سام کاتێک بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دایکی کردووە، لە پشت وێنەی حافز ئەسەد، سەرۆکی کۆچکردووی سوریا، دایکی گوێی لە دەنگی بووە کە وتویەتی، " هێی هێی من قسە لەگەڵ دایکم دەکەم"، لەدوای ئەوە سام دیار نامینێت و گەشتێکی دیکە بۆ دۆزینەوەی دەستپێدەکات.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، "دایک و باوکی سام هیچ شتێکیان نەدەزانی دەربارەی کوڕەکەیان، تا ئەوەی پاش ماوەیەکی زۆر بۆیان دەرکەوت کە کە قامیشلۆوە گوازراوەتەوە بۆ دیمەشق و لە زیندانەکانی ڕژێمی سوریادایە."

 

ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "پاش هەوڵێکی زۆر دایک و باوکی سام گەیشتنە باڵیۆزی ئەمەریکا لە سوریا و دواتریش سەرکەوتووبوون لەگەیشتن بە لیوا عەباس ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی لوبنان کە لە حزبوڵڵا و ڕژێمی سوریاوە نزیکە."

 

ئەوەش هاتووە، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی لوبنان بەڵێنی دا کار بۆ ئازادکردنی سام بکات، بەمەرجێک ئەگەر بۆ سیخوڕیکردن یان پەیوەندی بە داعش یان هەسەدەوە نەچووبێتە ئەوێ.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کاتێک کە پشتڕاست کرایەوە کە سام تەنها گەشتیارێک بووە و بە وڵاتانی جیهاندا گەشتی کردووە، پەیوەندی بە عەلی مەملوک، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی سوریاوە کراوە کە بەرزترین دەزگای ئاسایشی سوریایە، بەڵام ناوبراو گومانی هەبوو کە سام تەنها گەشتیارێک بێت و وتی، "هیچ گەشتیارێک لە سوریادا نییە".

 

بەڵام دوای دوای هەوڵی ماندوونەناسانەی دایک و باوکی، دوای زیاتر لە دوو مانگ ئەو گەنجە بە هەوای ئازادی شاد بووە و گواسترایەوە بۆ لوبنان و لەوێ باوەشی ئازادیی بە دایکیدا کرد.

 

سام کە قسەی بۆ ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە کردووە، باسی لە بارودۆخی خۆی کردووە لە زینداندا و ئاماژەی بەوەکردووە، زۆر ئازاری دڵەڕاوکێ و ترس و ئەشکەنجەی دەروونی چەشتووە وهاوار و ناڵەی  ئەو زیندانیانەی دەبیست کە ئەشکەنجە دەدران.

 

سام بەوتەی خۆی، لە کاتی گواستنەوەی بە چاوبەستراوی لە قامیشلوەوە بۆ دیمەشق، ترسی لە سێدارەدانی هەبووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، " 27 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووم، دواتر گوازراومەتەوە بۆ بەشێکی دیکە کە نزیکەی 30 زیندانی تێدا بوو."

 

لەبارەی ڕووداوەکەوە، ڕۆبێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، "ئەوەی خێزانی سام کردیان زۆر نائاسایی بوو".

 

لەدوای ئازادبوونیشی، سام وازی لە گەشتەکەی نەهێنا و بەردەوام بوو لە سەرکێشییەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە گەشتەکەی و بە وڵاتی بەڕازیل کە 193-یەمین وڵات بوو گەشتەکەی کۆتایی پێهێنا.